
مای ساتۆ، ڕیپۆرتەری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەمەر دۆخی مافی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە: ڕاپۆرتگەلێکی نیگەرانکەر سەبارەت بە بەندکراوان لە بەندیخانەی ئێڤین لە کاتی شەڕی ئێران و ئیسرائیل و دوای ئەوە لە بەندیخانەی ئێڤینەوە بە ئێمە گەیشتووە.
ناوبراو وتوویەتی: من سەبارەت بە ڕاپۆرتەکانی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و لەسێدارەدانی چالاکان، ڕۆژنامەوانان، بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هاووڵاتییانی ئەفغانستانی و بەڕێوەچوونی دادگایی بەپەلە و دوور لە پرەنسیپی پێڕاگەیشتنی دادپەروەرانە لە کاتی دەسپێکی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئێران نیگەرانم و ئەم پرسەمان لەگەڵ کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش باس کردووە.
دەربڕینی ئەم نیگەرانییە سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران لە کاتێکدایە کە ڕۆژی سێشەممە وتەبێژی هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیم باسی لە ئاسانکاریی یاسا بۆ توندکردنەوەی بەروڕووبوونەوە لەگەڵ هاووڵاتییان بە تۆمەتی سیخوڕی کرد و هاوکات دەیان کەس لە شارەکانی ئێران بە تۆمەتی سیخوڕی دەسبەسەر کران.
ئەسغەر جەهانگیر وتەبێژی هێزی بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی سێشەممە ٣ی پووشپەڕ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: ئەگەر ویستبامان بە یاسای ئێستا دەسبەسەرکراوانی کاتی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل موحاکمە بکەین، کارەکەمان سنووردار بوو و دەستمان بەسترابوو بەڵام مەجلیس دەستی ئاوەڵا کردین هەتا بتوانین سیخوڕەکان سزا بدەین.
ئەمە لەکاتێکدایە کە هەر لە ماوەی ١٢ ڕۆژ شەڕی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیدا سێ کەس و ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستیش سێ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە سێدارە دران.