
هەندێک میدیاکان لەوانە ''سی ئێن ئێن و ڕۆیتێرز'' ڕایانگەیاندووە کە هەڵسەنگاندنێکی پێشوەختەی دەزگایەکی هەواڵگریی پێنتاگۆن ئاماژە بەوە دەکات کە ڕەنگە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا، بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامیی تەنیا چەند مانگێک دوا خستبێت.
بەپێی زانیارییەکانی سی ئێن ئێن کە بۆ یەکەمجار ئەو هەواڵەی بڵاو کردەوە، هەڵسەنگاندنی سەرەتایی لەلایەن دەزگای هەواڵگریی بەرگریی پێنتاگۆنەوە (DIA)، کە یەکێک لە ١٨ دەزگای هەواڵگریی ئەمریکایە ئامادە کراوە.
کاناڵی سی ئێن ئێن بە پشتبەستن بە چوار سەرچاوەی ئاگادار، لە هەڵسەنگاندنەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر سێ دامەزراوەی فۆردۆ، نەتەنز و ئێسفەهان، پێکهاتە سەرەکییەکانی بەرنامەی ناوکیی ئێرانی لەنێو نەبردووە و پێدەچێت تەنیا چەند مانگێک دوای خستبێت.
بەڵام ئەو هەواڵدەرییە لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکاییەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە هەڵسەنگاندنەکە کۆمەڵێک هۆشداریی و چەند ئەگەرێک لەخۆ دەگرێت و پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژان و حەفتەکانی داهاتوودا ڕاپۆرتێکی وردتر بڵاو بکرێتەوە.
سی ئێن ئێن و ڕۆیتێرز ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم هەڵسەنگاندنە سەرەتاییە پێچەوانەی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ و پیت هێگست وەزیری بەرگریی ئەمریکایە کە دەڵێن دامەزراوەکانی پیتاندنی ئورانیۆمی ئێران لەنێو چوون.
بەڵام وتەبێژی کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا بە ''سی ئێن ئێن''ی ڕاگەیاندووە، دزەپێکردنی ئەم هەڵسەنگاندنە گوماناوییە هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ سووککردنی ترامپ و بێبایەخکردنی ئەو فڕۆکەوانە بوێرانەی کە ئەرکی لەنێوبردنی بەرنامەی ناوکیی ئێرانیان ئەنجام داوە.