
جان ڕێتکلیف، بەرپرسی ڕێکخراوی هەواڵگریی ناوەندی ئەمریکا، ''سی ئای ئەی''، وتی: "بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای هێرشە ئامانجدارەکانی ئەم دواییە زیانێکی زۆریان پێ گەیشتووە.''
ڕێتکلیف ڕۆژی چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕاگەیاند: ''سی ئای ئەی دەتوانێت پشتڕاستی بکاتەوە کە کۆمەڵێک زانیاریی باوەڕپێکراو ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرنامە ناوکییەکەی ڕێژیمی ئێران لە ئەنجامی هێرشە ئامانجدارەکانی ئەم دواییەدا زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.''
بەرپرسی دەزگای سی ئای ئەی لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم زانیارییە نوێیە لە یەک سەرچاوەیە و لەگەڵ شێوازێکی مێژوویی یەکدەگرێتەوە کە وردە و جێی متمانەیە و بە پشتبەستن بەو زانیارییە نوێیە چەندین دامەزراوەی ئەتۆمی گەورە لە ئێران لەنێو چوون.
لە بەیاننامەی ڕێتکلیفدا هاتووە کە بە پشتبەستن بەم زانیارییانە نۆژەنکردنەوەی ئەو ناوەندە ناوکییانەی ئێران ساڵانێکی زۆری دەوێت.
ئەوە لەحاڵێکدایە هەواڵدەرییەکانی ''سی ئێن ئێن و ڕۆیتێرز'' ڕایانگەیاندووە کە هەڵسەنگاندنێکی پێشوەختەی دەزگایەکی هەواڵگریی پێنتاگۆن ئاماژە بەوە دەکات کە ڕەنگە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا، ئەگەری هەیە بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی تەنیا چەند مانگێکی دوا خستبێت.
کاناڵی سی ئێن ئێن بە پشتبەستن بە چوار سەرچاوەی ئاگادار، لە هەڵسەنگاندنەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر سێ دامەزراوەی فۆردۆ، نەتەنز و ئێسفەهان، پێکهاتە سەرەکییەکانی بەرنامەی ناوکیی ئێرانی لەنێو نەبردووە و پێدەچێت تەنیا چەند مانگێک دوای خستبێت.