کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆیتێرز: ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کاریگەرییان لەسەر نرخی نەوت نەماوە

14:19 - 5 پووشپەڕ 2725

ڕۆیتێرز بڵاوی کردووەتەوە کە چیدی ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕوودەدا، کاریگەریی لەسەر دابەرزین یا هەڵکشانی نرخی نەوت لە جیهاندا نییە.

بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، نرخی نەوت لە ٧٠ دۆلارەوە بۆ ٨١ دۆلار هەڵکشا بەڵام بە هێرشی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکەکانی هێزەکانی ئامریکا لە قەتەر، نرخی نەوت داکشانی بەخۆیەوە دیت و بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست، نرخی نەوت هاتە خوار ٦٧ دۆلار.

هەروەها نیگەرانییەکان سەبارەت بە داخستنی گەرووی هورمز کە زیاتر لە ٢٠ لەسەدی نەوت و گازی جیهان بەوێدا تێدەپەڕێ، نەیتوانی کاریگەریی زۆری لەسەر هەڵکشانی نرخی نەوت هەبێ ئەوە لە کاتێکدایە لە ڕابردوودا، شۆڕشی ٥٧، شەڕی کەنداو یا سزاکانی وڵاتانی عەرەبی لەبابەت نەوتەوە کاریگەریی لەسەر نرخی نەوت لە ئاستی جیهاندا هەبوو.

دۆزینەوەی ڕێگاکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت، دروستکردنی هێڵی لوولەیی نەوتی وڵاتانی عەرەبی کە پێویستی گەرووی هورموزی کەم کردووەتەوە و هەروەها کەمبوونەوەی بەشی ئۆپێک لە نەوتی جیهانی بۆ ٣٣ لەسەد، گرینگترین هۆکارەکانی کەمبوونەوەی کاریگەریی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەسەر بازاڕی نەوتی جیهانین.