کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی قەیراناویی بەندکراوانی سیاسی پاش هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بەندخانەی ئێڤین

14:44 - 5 پووشپەڕ 2725

دوابەدوای هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر بەندخانەی ئێڤین لە ڕۆژی ٢ی پووشپەڕی ئەمساڵدا، سەدان بەندکراوی سیاسی بە هەڕەشەی چەک بۆ بەندیخانەکانی دیکە ڕاگوێزران.

بە وتەی سەرچاوە مافی مرۆییەکان ئەم ڕاگواستنە توندوتیژی، بێڕیزی، کۆکردنەوەی زۆری حەشیمەت و پچڕاندنی پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەکان و دۆخی خراپی بێهداشتیی لەگەڵ بووە.

پاش هێرشەکەی ئیسرائیل، ژمارەیەکی بەرچاو لە بەندکراوان بۆ بەندیخانەکانی تارانی گەورە و بەندیخانەی ژنانی قەرچەکی وەرامین ڕاگوێزراون.

ڕاپۆرتەکان لە نێوخۆی ئێران دەڵێن، دۆخی بەندکراوان نالەبارە و مای ساتۆ ڕیپۆرتەری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەمبارەوە هۆشداری دابوو.

بەپێی زانیارییەکان لە بەندیخانەی تارانی گەورەدا، زیاتر لە ١٥٠ کەس لە سێ ژووردا جێگیر کراون، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە حاڵەتی ستاندارددا هەر بەندێک تەنیا ٢٤٠ تەختی تێدایە کە لە ١٦ ژووردا جێگا دەکرێنەوە.

لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامینیش دۆخەکە زۆر نالەبارە، ژوورەکان کەرەستەی فێنککەرەوەیان تێدا نییە و بە هۆی گەرمای زۆرەوە هەندێک لە بەندکراوان ناچار بە تەڕکردنی جلەکانیان دەبن تاکوو جەستەیان فێنک بمێنێتەوە.

ڕاپۆرتەکان باس لە نواندنی توندوتیژی و لێدان و بێڕیزیی مەئموورانی بەندیخانەکان بە بەندکراوان دەکەن.