کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاران بۆ یەکەمجار دانی بە خەسارەکانی دامەزراوە ناوکییەکاندا نا

14:46 - 5 پووشپەڕ 2725

کۆماری ئیسلامی بۆ یەکەمجار دانی بەوەدا نا کە لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر سایتەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئێسفەهان زیانی بەرچاو بە دامەزراوە ناوکییەکان گەیشتووە.

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، دانی بەوەدا نا کە دامەزراوە ناوکییەکانی ئەو وڵاتە لە هێرشە قورسەکەی ئەمریکادا "زیانێکی بەرچاو"یان بەرکەوتووە.

ئەمە یەکەمجارە کە بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامی دان بەوەدا بنێت کە هێرشەکانی ئەم دواییە زیانی وایان لێ کەوتووەتەوە.

پێشتریش لە پەراوێزی کۆبوونەوەی بەرپرسانی ناتۆ لە هۆڵەنددا، دۆناڵد ترامپ، لە وڵامی  پرسیاری هەواڵنێرێک کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی دامەزراوەکانی پەیوەندیدار بە چەکی ناوکی بنیات بنێتەوە ئایا ئەمریکا جارێکی دیکە هێرش دەکاتە سەر ئیران، وتی: '' بە دڵنیاییەوە''.

ترامپ وتیشی "ئیتر پێویست ناکات نیگەرانی ئەوە بم". "بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی بۆ چەندین ساڵ پەکی کەوت، نۆژەنکردنەوەی زۆر قورسە، چونکە هەمووی داڕماوە".

هەروەها مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "پۆلیتیکۆ" وتی: بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی جیا لەوەی کە ئەمڕۆهیچ وەک حەفتەیەک لەمەوبەر نییە، بە شێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەی پێ کراوە و لەچاو حەفتەیەک لەمەوبەر لە دۆخێکی زۆر خراپتردایە، ئەمەش بەهۆی کردەوەی ئەمریکا و هەوڵەکانی ئیسرائیل بووە.