کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی خامنەیی دوو ڕۆژ دوای ئاگربەست لە شوێنێکی نادیارەوە بڵاو کرایەوە

15:18 - 5 پووشپەڕ 2725

عەلی خامنەیی لە دووهەمین ڕۆژی دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست و لە سێهەمین پەیامی ڤیدیۆیی خۆیدا لە کاتی دەسپێکی شەڕەکەوە، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

خامنەیی لەم پەیامەدا ڕوو لە خەڵکی ئێران سێ جار پیرۆزباییان لێ دەکات، جارێکیان ئەم پیرۆزباییە بە هۆی سەرکەوتن بە سەر ئیسرائیلدا دەزانێ و جاری دیکەش پیرۆزباییەکە بە سەرکەتن بە سەر ئەمریکادا ناو دەبات. لە جاری سێهەمدا پیرۆزبایی لە خەڵکی ئێران دەکات  کە بە یەکگرتوویی پشتیوانییان لە کردەوەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کردووە.

ئەم پیرۆزباییەی خامنەیی لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل لە ماوەی ١٢ ڕۆژ شەڕدا هەموو فەرماندە باڵاکانی سپای پاسدارانی لەنێو بردن و هاوکات لەگەڵ ئەوەش خەساری قەرەبوونەکراوی بە دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیم گەیاند.

سەبارەت بە ئەمریکاش کە خامنەیی خۆی بە براوە بەسەر ئەم وڵاتە زلهێزەدا دەزانێ، لە ڕۆژی سێهەمدا بە فڕۆکەی بی ٢ هێرشێکی بەرینی کردە سەر دامەزراوی فۆردۆ کە بە گرنگترین دامەزراوەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی ناوی دەبردرا و لەنێوی برد.

هاوکات لەگەڵ ئەوەش هەر لە یەکەم ڕۆژی شەڕەکەوە، بەتایبەتی خەڵکی تاران شارەکەیان بەجێ هێشت و هیچ پشتیوانییەکیان لە کۆماری ئیسلامی نەکرد و هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە ڕێژیم ڕێوشوێنی ئەمنییەتیی وردتر بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ خەڵکانێک بگرێتە بەر کە پشتیوانییان لە ئیسرائیل بەتایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەکرد.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، خامنەیی هەر لە یەکەم ڕۆژی شەڕەکەوە هاوڕێ لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەی چووە پەناگەیەکەوە و سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەستیش هێشتا هەر لەوێ ماوەتەوە.