کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەسەندکردنی گەڵاڵەی کۆتاییهێنان بە هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی وزەی ناوکی

17:23 - 5 پووشپەڕ 2725

شۆرای نیگابانی کۆماری ئیسلامی گەڵاڵەی ڕاگرتنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی پەسەند کرد.
وتەبێژی شۆرای نیگابان ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی پووشپەڕ ڕایگەیاند کە گەڵاڵەی ڕاگرتنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانس، پاش پێداچوونەوە لەلایەن ئەندامانی شۆراوە پەسەند کرا و هیچ ناتەباییەکی لەگەڵ یاسای بنەڕەتیدا نەبووە.
ڕۆژی ڕابردوو مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ڕێژیم، بە زۆرینەی دەنگ و هیچ دەنگێکی ناڕازی، گەڵاڵەی "ناچارکردنی دەوڵەت بە ڕاگرتنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانس"ـی پەسەند کرد.
گەڵاڵەکە داوا لە دەوڵەت دەکات کە هەموو کامێرا چاوەدێرییەکانی ئاژانسی نیونەتەوەیی وزەی ناوکی لە بنکە ناوکییەکانی ئێران کۆ بکرێتەوە و هەروەها ڕێگەش بە هیچ یەک لە چاوەدێرانی ئەم ئاژانسە نەدرێت کە بێنە نیو ئێرانەوە و سەردانی بنکە ناوکییەکان بکەن.
بەپێی ئەم گەڵاڵەیە ئاژانسی وزەی ناوکیی ڕێژیم نابێت هیچ ڕاپۆرتێک بە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی بداتەوە.
گەڵاڵەکە جگە لە ناچارکردنی دەوڵەت بەم پەسەندکراوە، سزایشی بۆ ئەو کەسانەی کە یاساکە پێشێل بکەن دیاری کردووە.
بەم پێیە و هەروەها بەپێی قسەکانی ڕۆژی ڕابردووی محەممەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم، کۆماری ئیسلامی بەبێ چاوەدێریکردنی ئاژانس و بە خێراییەکی زیاتر بەرنامەکانی بۆ پیتاندنی ئورانیۆم ئەنجام ئەدات.
پەسەندکردنی ئەم گەڵاڵەیە لەکاتێکدایە کە لە ڕەوتی شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیلدا، ئەمریکا بە کەڵکوەرگرتن لە قورسترین بۆمبە سەنگەرشکێنەکان، بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئێسفەهانی کردە ئامانج.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی ڕابردوو و لە دانیشتنی سەرۆکانی ناتۆ وتبووی: "ئەگەر ئێران جارێکی دیکە هەوڵی دەسپێکردنەوەی پیتاندنی ئورانیۆم و بەرنامە ئەتۆمییەکانی بدات، دیسان هێرش دەکەینەوە سەریان".
جێی ئاماژەیە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا وڵاتانی ئورووپایی و ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، داوایان لە کۆماری ئیسلامی کرد کە ڕێگە بدات بە چاوەدێرانی ئاژانس سەردانی بنکە ئەتۆمییە بوردومانکراوەکانی ڕێژیم بکەن.