کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جووتیارانی گەنم لە ئێران تووشی قەیرانێکی جیددی بوونەتەوە

12:17 - 15 جۆزەردان 2725

دواکەوتنی درێژخایەنی پێدانی پارەی گەنم لەلایەن دەوڵەتەوە، بژێوی ژیانی جووتیارانی گەنمی لە ئێران خستۆتە مەترسییەوە و ئەوانی تووشی قەیرانێکی جیددی کردووەتەوە.

عەتائوڵڵا هاشمی، بەرپرسی دامەزراوەی جووتیارانی گەنم، ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی جۆزەردان بە هەواڵدەریی ''مێهر''ی ڕاگەیاند، سەبارەت بەو بڕە گەنمەی کە لەلایەن جووتیارانەوە ڕادەستی دەوڵەت دەکرێت وتی تا ئێستا جووتیاران نزیکەی دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تۆن گەنمیان ڕادەستی دەوڵەت کردووە کە بەرابەر بە ٥٢ هەزار میلیارد تمەنە.

ناوبراو سەبارەت بە پێدانی پارەی دوڵەت بە جووتیاران وتی، لە ئێستادا ١٥ هەزار میلیارد تمەن لە نزیکەی شەش پارێزگادا دراوە بە جووتیارانی گەنم و ٣٧ هەزار میلیارد تمەن لە داواکارییەکان ماونەتەوە.

ڕۆژی سێشەممە ١٣ی جۆزەردان، فاتمە موهاجەرانی، وتەبێژی دەوڵەت، سەبارەت بە کاتی پێدانی پارەی جووتیارانی گەنم ڕایگەیاند؛ لە سەداسەد داواکاریی ئەو جووتیارانەی کە گەنمەکەیان لە مانگی خاکەلێوە ڕادەست کردووە دراوە و داواکاریی جووتیارانی دیکەش دەدرێت .

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی چەندین جار بەڵێنیان داوە کە قەرزی ئەو جووتیارانە بدەن، بەڵام بەڵێنەکانیان نەبردووەتە سەر.

حەفتەی ڕابردوو هەزاران جووتیاری عەرەبی ئەحوازی ڕێپێوانێکی بەرفراوانیان بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بە نەدانی پارەی دەوڵەت بۆ ئەو گەنمەی کە ڕادەستیان کرد ئەنجام دا.

لەو ناڕەزایەتییە بێوێنەیەدا کە ڕێگاکانی بەرەو ناوەندە حکومییەکان گرتبووەوە، جووتیاران  دروشمی "گەنممان دا، نانمان نییە و پارەکەمان بدەن" دەوتەوە.

جووتیارانی ناڕازی بە ئاماژەدان بە گەیاندنی بەرهەمەکانیان لە کاتی خۆیدا جەختیان لەوە کردەوە کە ماوەی چەند مانگێکە داواکارییەکانیان لەلایەن دەوڵەتەوە نەدراوە. ئەم دواکەوتنە لە پێدانی پارە نەک هەر قەیرانی لە دابینکردنی بژێوی ڕۆژانەیان دروست کردووە، بەڵکوو لە دانەوەی قەرزەکانیان و پلاندانان بۆ بەروبوومی داهاتووش ڕووبەڕووی تەنگەژەی جیددیی کردوونەتەوە.