کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی ئیسرائیل: خەسارەتی گەورەمان بە ڕێژیمی ئێران گەیاندووە

11:56 - 6 پووشپەڕ 2725

ئەرتەشی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە کە لە چوارچێوەی ئەو هێرشانەی کردوویانەتە سەر دامەزراوەکانی ڕێژیمی ئێران، توانیویانە خەسارەتی گەورە بە بنکەی ناوکی، پێگەی مووشەکی و بەشی نیزامی ئەو ڕێژیمە بگەیەنن.

ئەرتەشی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە کە ڕێژیمی ئێران و گرووپە نیابەتییەکانی لە ناوچەدا دەیانویست لە چەندین لا و بە چەندین شێوە هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل و ئیسرائیل لەنێو بەرن. بۆیە ئیسرائیل پێشدەستی کرد و لە یەکەم هێرشدا نزیک بە ٣٠ پلەداری سپای پاسداران و ٩ زانای ئەتۆمی و ١١ شارەزای دروستکردنی چەکی ڕێژیمی کردە ئامانج.

ئەرتەشی ئیسرائیل هەروەها باسی لەوە کردووە کە لە ماوەی ١٢ ڕۆژ شەڕدا، ئاسمانی ئێرانی بەدەستەوە گرتبوو و هەموو ئەو ئامانجانەی پێکا کە بەرنامەی بۆ داڕشتبوو.

لە ڕۆژەکانی کۆتاییدا ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ٣ بنکەی ناوکیی ڕێژیم لە فۆردۆ و نەتەنز و ئێسفەهان و گەورەترین زیانی پێگەیاندن و دامەزراوەکانی لەنێو بردن.

ئەرتەشی ئیسرائیل باسی لەوەش کردووە کە ڕێژەی بەرهەمهێنانی مووشەکی ڕێژیم لە ٢٥٠٠ مووشەکەوە گەیشتبووە ٨ هەزار مووشەک کە لەو هێرشانەدا زیاتر لە ٣٥ سایت و ٢٠٠ پێگەی هەڵدانی مووشەک کرانە ئامانج و لەنێو بران.

لەو هێرشانەدا هەروەها زیاتر لە ١٥٠٠ شوێنی نیزامی، ١٥ فڕۆکەی شەڕکەر، زیاتر لە ٩٠ سایت و ٨٠ پێگەی مووشەکی زەوی بە ئاسمان و ٦ فڕۆکەخانەش کرانە ئامانج.

هەروەها لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا سەدان پاسدار و دەیان فەرماندەی سەربازی و ٣٠ پلەداری باڵای ڕێژیم کوژران، هەروەها سەدان مووشەکی کرووز و ٩٩ لەسەدی پەهپادەکانی ڕێژیمی ئێران کە بەرەو ئیسرائیلی هەڵدابوون، ناسێنران.