کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"سی‌ئێن‌ئێن": ترامپ پەکەیجێکی ٣٠ میلیارد دۆلاری لەبەردەم ئێران داناوە

11:58 - 6 پووشپەڕ 2725

"سی‌ئێن‌ئێن" ڕایگەیاندووە کە دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ بۆ دەسپێکردنی دانوستان و هەروەها دروستکردنی بەرنامەیەکی ناوکی غەیرە نیزامی بە مەبەستی بەرهەمهێنانی وزە پێشنیاری پەکەیجێکی ٣٠ میلیارد دۆلاریی بە ڕێژیمی ئێران داوە.

وێڕای ئەو پەکەیجە ئامریکا چەندین سزاش لەسەر ڕێژیمی تاران ناهێڵێت کە ئامانج لەو ئیمتیازانە، گەڕاندنەوەی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر مێزی وتووێژە.

هەواڵدەریی "سی‌ئێن‌ئێن" باسی لەوە کردووە کە زۆربەی دەسەڵاتدارانی ئامریکا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە کاتی شەڕیشدا خەریکی دانوستان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بوون.

دەسەڵاتدارانی ئامریکایی باس لەوە دەکەن کە لەسەر زۆربەی پرسەکان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران وتووێژ دەکەن بەڵام بابەتی "بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی" بۆ ئەوان هێڵی سوورە و وتووێژی لەسەر ناکەن.

ئەو شێوە پێشنیارە ڕۆژێک پێش هێرشی ئامریکا بۆ سەر بنکە ناوکییەکانی ڕێژیم لە نێوان "ستیڤ ویتکاف" نێردراوی تایبەتی ئامریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وڵاتانی نزیک لە ئامریکا لە کەنداو قسەی لەسەر کراوە.

لەو پرۆژەیەدا، ترامپ پێداگر بووە کە پارەکە لەلایەن ئامریکاوە دابین ناکرێت بەڵکوو پێویستە وڵاتە عەرەبییەکانی نزیک لە ئامریکا ئەو پارەیە دابین بکەن.

کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە دەیانەوێ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران لەسەر وزەی ناوکی بۆ ئامانجی غەیرەنیزامی دانوستان بکەن بەڵام "عەباس عێراقچی" وەزیری دەرەوەی ڕێژیم لە بەرنامەیەکی تلویزیۆنیدا ڕایگەیاندبوو کە ئەوان دانوستان ناکەن.