کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی ١١ کەسی ئێرانی بۆ تۆمەتی تێرۆریستی لە ئەمریکا

12:02 - 6 پووشپەڕ 2725

بەرپرسانی ئەمنیەتی نێوخۆیی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ٣ی پووشپەڕ، باسیان لە دەسبەسەرکردنی یازدە هاووڵاتیی ئێران بە تۆمەتی تێرۆریستی کرد کە بە شێوەی نایاسایی لە ئەمریکادا بوون.

نووسینگەی کۆچ و گومڕکی ئەمریکا ئەم یازدە کەسەی دەسبەسەر کردوون و وەزارەتی ئەمنییەتی ئەم وڵاتەش بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە لەگەڵ ئەم یازە کەسە، هاووڵاتییەکی ئەمریکاییشیان دەسبەسەر کردووە کە یەکێک لەم کەسە ئێرانییانەی پەنا داوە .

کاناڵی هەواڵ سێ بی ئێن ڕۆژی یەکشەممە، یەکی پووشپەڕ لە زمانی دوو بەرپرس و کەسێکی ئاگادارەوە باسی لەوە کرد کە پاش بڕیاری کۆتایی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران، کۆماری ئیسلامی هۆشداری دابوو کە هێرشە تێرۆریستیەکانی لە نێو خاکی ئەمریکادا و لەڕێگەی گرووپە نهێنییەکانەوە جێبەجێ دەکات.

لەم پێوەندییەدا، وەزیری ئەمنییەتی نێوخۆیی ئەمریکا سەبارەت بە دەسبەسەرکردنی ئەم ١١ کەسە وتوویەتی: وەزارەتی ئەمنیەتی نێوخۆیی بە هەمو توانای خۆیەوە خەریکی ناسین و دەسبەسەرکردنی تێرۆریستەکان و توندئاژۆ ناسراوەکان یان کەسانی گومانلێکراوە کە بە شێوەی نایاسایی هاتونەتە نێو وڵاتەوە.

هەموو ئەم یازدە کەسە پیاون و پێنج کەسیان پێشینەی تاوانگەلێک لە پێوەندی لەگەڵ دزیکردن، ماددەی هۆشبەر، گواستنەوەی چەکی گەرم و باقی تاوانەکانیان هەیە.