
یێسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی ١٣ ڕایگەیاند، ئیسرائیل بە نیازی تیرۆرکردنی عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بوو، بەڵام دەرفەتی گونجاو بۆ ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە نەهاتە دی.
کاتز وتی: ئەگەر ئەو لە مەودای ئێمەدا بووایە، ئێمە ئەومان لەنێو دەبرد، ئێمە مەبەستمان بوو خامنەیی لەنێو ببەین، بەڵام دەرفەتی ئۆپەراسیۆن نەهاتە پێش.
ناوبراو هەروەها وتی: بەڵام خامنەیی لەوە تێگەیشت، چووە قووڵایی ژێر زەوی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ فەرماندە جێگرەوەکان پچڕاند. بۆیە لە کۆتاییدا پڕۆژەی لەناوبردنی جێبەجێ نەبوو.
کاتز لە وڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئیسرائیل بۆ کارێکی لەو شێوەیە ئیزنی لە ئەمریکا وەرگرتبوو، وتی: بۆ ئەم شتانە پێویستمان بە ئیزن نییە.