
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی پووشپەڕ، لە بەیاننامەیەکدا لەبارەی دەسبەسەرکردنی بەربڵاو و خراپتربوونی دۆخی سەرکوت لە ئێران هۆشداریی دا.
ئەو ڕێکخراوە نووسیویەتی، لە ڕۆژانی یەکەمی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کۆماری ئیسلامی بە بیانووی وەک بڵاوکردنەوەی هەواڵی پەیوەندیدار بە شەڕ لە بەرژەوەندی ئیسرائیل، پەیوەندیکردن بە میدیای بیانی، هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل یان سیخوڕیکردن بۆ ئەو وڵاتە، دەسبەسەرکردنی بەربڵاوی هاووڵاتییانی ئەنجام داوە.
هەروەها شەپۆلێکی نوێی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی بەهایی دەستی پێ کردووە و ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی ئەفغانستانی دەسبەسەر کراون و دیپۆرتکردنەوەیان بە خێراییەکی بێوێنە ئەنجام دەدرێت. لەم ماوەیەدا لانیکەم چوار گەشتیاری ڕۆژاوایی لە کۆهگیلویە و بۆیرئەحمەد، کرماشان، هەمەدان و بووشێهر بە تۆمەتی سیخوڕی دەسبەسەر کراون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، میدیای دەوڵەتی باسیان لە دەسبەسەرکردنی ٧٠٠ کەس بە تۆمەتی سیخوڕی کردووە. بەڵام لێکۆڵینەوەکانی ئەو ڕێکخراوە دەریدەخات کە لانیکەم ٩٠٠ کەس دەسبەسەر کراون و ٢٠٠ کەسیان تەنیا بە دەربڕینی بیروڕا یان ڕەخنەگرتن لە بەرپرسانی نیزامی و سیاسیی کۆماری ئیسلامی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا تۆمەتبار کراون.