کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئارژانتین بە نیازە بەرپرسانی پێشووی کۆماری ئیسلامی دادگایی بکات

12:09 - 6 پووشپەڕ 2725

دادوەرێکی ئارژانتینی ڕۆژی پێنجشەممە فەرمانی دا ئەو دە کەسەی کە بە تۆمەتی دانانەوەی بۆمب و کوشندەترین تەقینەوە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا تۆمەتباران، دوای سێ دەیە لە هێرشەکەی سەر ناوەندێکی کۆمەڵایەتی جوولەکەکان کە بووە هۆی کوژرانی ٨٥ کەس و برینداربوونی زیاتر لە ١٥٠ کەس، لە نەبوونی خۆیاندا موحاکمە بکرێن.

بەرپرسانی ئارژانتین دە کەسیان بە تۆمەتی هێرشەکەی ساڵی ١٩٩٤ بۆ سەر ئەنجومەنی هاوبەشی ئیسرائیلی ئارژانتین(ئامیا) لە بوینێس ئایرێس تۆمەتبار کردووە کە بەرپرسانی پێشووی ڕێژیمی ئێران و ئەندامانی حیزبوڵڵای لوبنان بوون.

لەنێو تۆمەتباراندا عەلی فەلاحیان، وەزیری پێشووی ئیتلاعات؛ عەلی ئەکبەر ویلایەتی، وەزیری پێشووی دەرەوە؛ مۆحسێن ڕەزایی، فەرماندەی پێشووی سپای پاسداران؛ هادی سولەیمان پوور، باڵوێزی پێشوو لە ئارژانتین؛ و بەشێک لە کارمەندانی ئەو کاتەی باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامی ناویان هەیە.

بەرپرسانی دادوەریی ئارژاننتین لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە سەرجەم تۆمەتبارانی بە هەڵاتووی یاسا لە قەڵەم داوە، دەشڵێت ئەو هێرشە لەلایەن حیزبوڵڵای لوبنانەوە بە پاڵپشتیی ڕێژیمی ئێران ئەنجام دراوە.

ڕێژیمی ئێران هەتا ئێستا دەستێدابوونی لەو ڕووداوە، ڕەت کردووەتەوە و لە ڕادەستکردنی تۆمەتباران خۆی بواردووە.

دادوەر دانیێل ڕافەکاس ئەم بڕیارەی بەپێی یاسایەک کە لە مانگی مارسی ساڵی ڕابردوودا دەرچووە دەرکردووە کە ڕێگە بە تۆمەتبارانی هەڵهاتووی درێژخایەن دەدات لە نەبوونی خۆیاندا دادگایی بکرێن.