
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی "هێرانا" لە ماوەی ١٢ ڕۆژ شەڕی نێوان ئیسرائیل و ڕێژیمی ئێراندا، شەڕەکە لە ئاستی ئێراندا ٥٦٦٥ خەساری گیانی هەبووە کە لەم ژمارەیە ١١٩٠ کوژراون و ٤٤٧٥ کەسیش بریندار بوون.
لەو هێرشانەدا کە ٢٨ پارێزگای ئێرانی گرتەوە، خەسار بە زۆربەی ژێرخانە نیزامی، دەرمانی، فریاکەوتن و تەبلیغاتییەکانی ڕێژیم گەیشتووە.
تا ڕۆژی دەیەمی هێرشەکە، نزیک بە ٢٠٠ خاڵ لە شار و پارێزگا جیاوازەکانی ئێران لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە کرانە ئامانج.
لەو پەیوەندییەدا لە ماوەی شەڕدا، ١٥٩٦ کەسیش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتەوە دەسبەسەر کران.
بەپێی هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم هێرشی ئەوجارەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لە چەند دەیەی ڕابردوودا، بێوێنە بووە.
هەروەها ئەو شەڕە بووە هۆی پچڕانی ئینتێرنێت و کەمبوونەوەی چالاکیی بانکەکان و هەروەها دروستبوونی کێشەی هاتوچۆ و کەمیی دەرمان و پڕبوونی نەخۆشخانەکان لە بریندار و کوژراو.