
لە سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٢٣ی جۆزەردانەوە و هاوکات لگەڵ دەسپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران، بەلوچستانیش وەک باقی شوێنەکانی دیکە دۆخەکەی ئەمنییەتی بوویەوە و ڕاپۆرتەکان باس لە زۆربوونەوەی نیگەرانییەکان لەمەڕ حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەم پارێزگایە دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی مافی مرۆڤی بەلووچستان، ئەم کەشە ئەمنییەتییە لە بەلووچستان شەپۆلێک هەوڵی سەرکوتکەرانەی وەک دەسبەسەرکرانی سەروو یاسایی، تەقە لە خەڵکی سێڤیل، تێکدانی پێوەندییەکان و جێگیربوونی هێزە نیزامییەکانی لەگەڵ بووە.
بەپێی زانیارییەکان لەم ماوە زەمەنییەدا لانیکەم پێنج هاووڵاتیی بەلووچ بە بێ بەڵگەی یاسایی و لە دۆخێکی ناڕووندا دەسبەسەر کراون و دۆخییان لە باری یاساییەوە ناڕوونە.
هەروەها لانیکەم چوار هاووڵاتیی بەلووچ لە ڕەوتی ڕووداوە چەکدارانەکان یان تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکاندا کوژراون. لەکاتێکدا کە دوو کەس بوونەتە قوربانیی دزی چەکدارانە، کەسێکیش بە هۆی تەقەی هێزە لیباس شەخسییەکانەوە گیانی لەدست داوە و کەسێکیش لە تەقینەوەیەکی گوماناویدا کوژراوە.
لەلایەکی ترەوە چەکدارێک لە زاهێدان کوژراوە و پۆلیسێکیش بریندار بووە.
هاوکات، تێکچوونی ئینتێرنێت و پچڕانی کە خزمەتگوازرییە بانکی و پێوەندییەکانی تێک دا، بەلووچستانیشی گرتەوە.
ڕێژیمی ئێران بە جێگیرکردنی خاڵی پشکین و گەشتی نیزامی لە سەرتاسەری ئەم پارێزگایەدا، ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییانی تێک داوە.
هەروەها ڕێژیم بە کۆنترۆڵ و گوشاری زۆرتر بۆ سەر خەڵکی ئەم ناوچەیە، ڕواڵەتێکی نیزامیی لەمێژینەی لە بەلووچستان بە فەرماندەیی هێزی زەمینیی سپای تێرۆریستیی پاسداران جێگیر کردووە.
ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ڕووداوەکانی ئەم دواییانە بە شێوەی پەرشوبڵاو لە شارەکانی وەک زاهێدان، ئێرانشار، سەراوان، چابەهار، ڕاسک، سۆران، هیرمەند و تەنانەت کازروونیش ڕوویان داوە.