
ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ ڕاپۆرتێکی تایبەتی سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکەی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ کوشتنی هاوکاتی زانا ناوکییەکان و فەرماندە باڵاکانی ڕێژیم لە تاران بڵاو کردەوە.
لە ڕاپۆرتەکەی واڵ ستریتدا هاتووە، ئۆپەراسیۆنەکە ناوی "نارنیا" و "زەماوەندی خوێنین" بووە و مووساد ساڵانێکی زۆر تۆڕی سیخوڕیی بۆ ئەم مەبەستە لە نێوخۆی ئێراندا بڵاو کردووەتەوە.
بە وتەی "ئۆدید باسیوک"، فەرماندەی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل، سەرەتا وێنا نەدەکرا کە وەها ئۆپەراسیۆنێک لە ڕاستیدا بکرێت ئەنجام ببێت، بەڵام ئیسرائیل مەترسییەکەی ئەنجام داوە.
ئەم بەرپرسە ئیسرائیلییە کە فەرماندەی سەرەکیی ئۆپەراسیۆنەکان بووە بۆ واڵ ستریتی زیاد کردووە کە دۆخەکە ئەوەندە مەترسیدار بووە کە یان هەموو ئەو کەسانەی کە دیاری کراون لە یەک چرکەدا دەکوژران، یان ئۆپەراسیۆنەکە دەبوو بە کارەساتێکی گەورە و تێک دەچوو.
ڕاپۆرتەکە جەختیشی کردووەتەوە کە وەها ئۆپەراسیۆنێکی پێچراو، بەرهەمی ساڵانێک جێگیرکردنی تۆڕی سیخوڕی لە نێوخۆی ئێران و هەروەها ڕاهێنانی دژواری فڕۆکەوانانی ئیسرائیلی بۆ هێرشکردنەسەر ئامانجگەلیک لە مەودای هەزار و ٦٠٠ کیلۆمیترییە کە هێندێکیان لە ساڵی ٢٠٠٨ـی زایینییەوە لە یوونان ڕاهێنانی بۆ کراوە.
ئیسرائیل لەم ئۆپەراسیۆنەدا توانی لە یەک چرکەساتدا دەیان فەرماندەی باڵای سەربازی و کەسایەتیی گرینی بەرنامە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران لەنێو دڵی تاراندا بکوژێت.