کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تام کاتێن: هێرش بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکان، سەرکەوتنێکی گەورە بوو

17:23 - 6 پووشپەڕ 2725

تام کاتێن، سێناتۆری کۆماریخوازی ئەمریکا، سەبارەت بە بوردومانکردنی بنکە ناوکییەکانی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا لە ئامانجەکەیدا سەرکەوتوو بووە.
کاتین لە وتوویژێک لەگەڵ ڕۆژنامەواناندا وتی: "ئەمە وەک سکانسی فیلمیک نەبوو کە بە یەک هەوڵ بتوانی پێش بە ئەتۆمیبوونی کۆماری ئیسلامی بگری، بەڵکوو دەبوو کۆمەڵێک کەس و ڕووداو لە چەند ئۆپەراسیۆندا هاوکات لەگەڵ یەکتر ئەم ئامانجەیان وەدی بهێنن.
ناوبراو زیادی دەکات کە لەنێوبردنی زانا ئەتۆمییەکان، سانتریفیووژەکان، بەرهەمهێنانی تاڤگەکانی سانتریفیووژ و هەروەها هەموو هەوڵەکانی دیکە هاوکات پێکەوە توانیویانە ئەم ئامانجە بهێننە دی و سەرکەوتنیکی گەورە بووە.
کاتێن بە ئاماژەدان بەوەی کە ئامانجی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، تەنیا ڕاگرتنی ڕەوتی گەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ئەتۆمی بوو وتی: "ئەرکی ئەمریکا ئەوە نەبوو کە بە تەواوەتی ئورانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێران لەنێو ببات یان دەستی بە سەردا بگرێت".
ئەم قسانەی کاتێن و کۆمەڵێکی دیکە لە سێناتۆرە کۆماریخوازەکان بۆ پشتیوانیکردن لە ترامپ و هێرشەکەی بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە پاش ئەوە بوو کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێندێک ڕاپۆرت و دەنگۆ بڵاو بوویەوە کە هێرشەکەی ئەمریکا بە ڕادەی پێویست نەیتوانیوە خەسار بە بنکە ناوکییەکان و هەروەها بەرنامەکانی ڕێژیم بۆ دەسپێڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی بگرێت.
ترامپ و تیمەکەی لە پاش هێرشەکە چەند جار لە لێدوانەکانیاندا جەختیان کردووەتەوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکانی تاران لە هێرشی فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی "بی ٢"، بە ڕادەیەکی بەرچاو لەنێو چووە و چیدیکە تاران هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نادات.