
ڕاپۆرتی فەرمیی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران بە پشتبەستن بە ئاماری نەخۆشخانەکانی سەر بەو وەزارەتخانەیە ئاماژە بەوە دەکات کە لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ٦٢٧ کەس کوژراون و چوار هەزار و ٨٧٠ کەسیش بریندار بوون.
ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستی باس لەوە دەکات کە زۆرترین زیانلێکەوتووی هێرشەکانی ئیسرائیل لە پارێزگاکانی تاران و کرماشان بووە.
بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستی، پارێزگاکانی خووزستان، لوڕستان، ئێسفەهان، مەرکەزی، تەورێز، هەمەدان، زەنجان و گیلان لە پلەی سێیەم تا دەهەم بۆ ڕێژەی زیانەکان جێ دەگرن.
بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی تەندروستی جەخت لەوە دەکاتەوە کە زۆربەی کوژراوان لە شوێنی هێرشەکە گیانیان لەدەست داوە و تەنیا نزیکەی ١٤ لەسەدی ئەوانەی کوژراون دوای گەیشتنیان بە ناوەندە پزیشکیەکان گیانیان لەدەست داوە.
لە ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیدا کەسانی نیزامی و مەدەنی لێک جیا نەکراوەنەتەوە.
هاوکات سەرچاوە فەرمییەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی لەوانە ڕاگەیەندراوەکانی سپای پاسداران پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ٣٥ فەرماندەی نیزامی کە ئەندامانی یەکەکانی مووشەکی و بەسیج بوون و هەروەها ١٤ زانای ناوکی لەم هێرشانەدا کوژراون.
لە لایەکی دیکەوە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هێرانا" بە بڵاوکردنەوەی ئاماری سەربەخۆ ژمارەی کوژراوانی بەلایەنی کەمەوە هەزار و ١٩٠ کەس و ژمارەی بریندارەکانیشی بە چوار هەزار و ٤٧٥ کەس داناوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەوە ڕێکخراوە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە ٤٣٥ کەسی نیزامی و ٤٣٦ کەسی مەدەنی کوژراون و ٣١٩ کەس لە کوژراوانیش هێشتا ناسنامەیان ڕوون نەبووەتەوە.
لە نێو بریندارەکاندا ٢٥٦ کەسیان نیزامی و ٢ هەزار و ٧١ کەسیان مەدەنین. هەروەها باس لەوە دەکرێت کە بارودۆخی دوو هەزار و ١٤٦ بریندار ڕوون نییە.