
ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان «چاونیوز» بە نیگەرانییەکی قووڵەوە ڕایدەگەیەنیت؛ کۆماری ئیسلامی بە قۆستنەوەی بارودۆخی دوای ئاگربەستی پێکدادانەکانی ئەم دواییە، هەڵمەتێکی دڕندانە و ڕێکخراوی بۆ سەرکوتی کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان دەست پێ کردووە.
لە سێبەری بێدەنگیی میدیاکان و لە کەشێکی پڕ لە ترس و تۆقاندندا، شەپۆلێک لە ڕفاندن و دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و نایاسایی، سەدان هاووڵاتی لەوانە چالاکوانانی مەدەنی و خەڵکی ئاسایی کردووەتە ئامانج و ژمارەیەکی زۆر بنەماڵەی کورد لە چارەنووسی ئازیزانیان نیگەرانن.
هاوکات، پەتی لەسێدارەدان و فیشەکی کوشتن بێوچان کار دەکات. زیندانییانی سیاسیی کورد بە نهێنی و لە دوای دادگاییکردنی نادادپەروەرانە لە سێدارە دەدرێن و هاووڵاتییانی سڤیل لە شەقامەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان دەکوژرێن.
ئەوەی لە ئارادایە، تەنیا ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئەمنیی ساکار نییە، بەڵکوو یەکلاکردنەوەیەکی سیاسیی ئاشکرا و هەوڵێکی ئەنقەستە بۆ کپکردنی هەر دەنگێکی ناڕازی لە کوردستان.
ئێمە بە ڕاشکاوی ڕایدەگەیەنین کە لەم ئاستە لە پێشێلکاریی ئاشکرا و دڕندایەتیی ڕێکخراو، بە قووڵیی نیگەرانین. داوا لە تەواوی میدیاکان، ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و ویژدانە زیندووەکانی ئێران و سەرانسەری جیهان دەکەین، ئەم بێدەنگییە بشکێنن و ببنە دەنگی خەڵکی بێتاوانی کوردستان و، کۆماری ئیسلامی ناچار بکەن وڵامدەری ئەم سەرکوتە خوێناویانە بێت.
مەهێڵن کوردستان لە بێدەنگیدا ببێتە قوربانی.
ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان «چاونیوز»
شەممە، ٧ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ی کوردی