
بڕیارنامەی سێناتۆرە دێموکراتەکانی ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی چالاکییە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕەت کرایەوە.
سێناتۆرەکانی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ٦ پووشپەڕ بە دەنگی نەرێنی، بڕیارنامەی سنووردارکردنی بەشداری و چالاکیی سەبازری ئەمریکا لە دەرگیرییەکانی داهاتوو لە ئێرانیان ڕەت کردەوە.
ئەم بڕیارنامەیە بە هەوڵی دێموکراتەکان ئامادە کرابوو کە دەنگی نەهێنایەوە.
بەپێێ زانیارییەکان، ٤٧ سێناتۆر پشتیوانییان لەم بڕیارنامەیە کرد بەڵام ٥٣ کەس دەنگی نەرێنییان پێ دا.
دێموکراتەکان لە هەوڵدا بوون تاکوو پاش بۆمبارانی سێ سایتی ناوکیی کۆماری ئیسلامی لەلایەن ئەمریکاوە، پێش بە ئەگەری هێرشەکانی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بە بێ مۆڵەتی کۆنگرە بگرن کە نایانتوانی سەرکەوتوو بن.
زۆربەی کۆماریخوازەکان پشتیوانییان لە بۆمبارانکردنی دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە کرد.
ئەم بڕیارنامەیە لە کاتێکدا پێشنیار کرابوو کە ترامپ ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە ئەگەر پیتاندنی ئۆرانیۆم لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بگاتە ئاستی مترسیدار، بە بێ شک بڕیاری هێرشی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوەکانی ئێران دەداتەوە.