کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاردانەوە بە هەڕەشەکانی ئەمریکا دژی خامنەیی

16:10 - 7 پووشپەڕ 2725

دوابەدوای پەرەسەندنی لێدوانی توندی بەرپرسانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە دژی عەلی خامنەیی، نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نامەیەکی بۆ ئەو ڕێکخراوە نارد و خوازیاری ئەوە بوو کە ئەو دامەزراوەیە وڵامی هەڕەشەکانی کاربەدەستانی دەوڵەتی بداتەوە.

سەعید ئیروانی، نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتی و شۆاری ئەمنییەتی ئەو ڕێکخراوە، لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بە "هاندەر" و بە نموونەی "پشتیوانی لە تێرۆر" ناوبرد و داوای لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کرد لە چوارچێوەی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو لێدوانانە هەنگاو بنێن.

هەر لەو پێوەندییەدا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٧ی پووشپەڕ، لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، لە وڵامی لێدوانەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترامپدا نووسی: ''ئەگەر ترامپ بەدوای ڕێککەوتنێکدا دەگەڕێت، پێویستە واز لە سوکایەتیکردن بە خامنەیی بهێنێت.''

چەند کاتژمێرێک پێش ئەم کاردانەوەیە، دۆناڵد ترامپ، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کرایەوە، گاڵتەی بە خامنەیی کردبوو و بە "درۆزن" ناوی بردبوو و بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە لە کاتی ململانێی ئێران و ئیسرائیلدا "گیانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ڕزگار کردووە" .

هەروەها بە گاڵتەجاڕییەوە وتبووی "هەنگوین لە سرکە باشتر کاردەکات" و ئامۆژگاری خامنەیی دەکات کە بە گۆڕینی ڕەفتارەکانی، ڕەنگە بتوانێت ڕێگایەک بۆ دیالۆگ بکاتەوە.