کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واڵ ستریت ژۆرناڵ: ئیسرائیل زیاتر له‌ ده‌ ساڵه‌ پلانی ئۆپه‌راسیۆن دژی ڕێژیمی ئێرانی ئاماده‌ کردووه

16:30 - 7 پووشپەڕ 2725

ڕۆژنامه‌ی "واڵ ستریت ژۆرناڵ" له‌ ڕاپۆرتێکدا پەرژاوه‌ته‌ سه‌ر ورده‌کاریی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر ڕێژیمی ئێران و له‌وباره‌وه‌ نووسیویەتی‌: ئیسرائیل زیاتر له‌ یه‌ک ده‌یه‌یه‌ به‌ شێوه‌ی نهێنی پلان و به‌رنامه‌ی بۆ ئۆپه‌راسیۆنی شێری ڕاساو داناوه‌ و ڕایه‌ڵه‌یه‌کی به‌هێزی سیخۆڕیی له‌ نێوخۆی ئێراندا بڵاوه‌ پێ کردووه‌ و ڕێوشوێنی پێویستیان پێ نیشان داون.

به‌ گوێره‌ی ئه‌و ڕاپۆرته‌ی "واڵ ستریت ژۆرناڵ"، ئیسرائیل له‌ ١٠ ساڵی ڕابردوودا فڕۆکه‌وانه‌کانی هێزی ئاسمانیی وڵاته‌که‌ی بۆ هاتوچۆ به‌ سه‌ر ڕێگای ئاسمانیی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا به‌ باشی ڕاهێناوه‌ و هاوکات سیخوڕه‌کانی له‌ نێوخۆی ئێراندا چالاک کردووه‌.

ئه‌و ڕاپۆرته‌ باسی له‌وه‌ کردووه‌ سیخوڕه‌کانی سه‌ر به‌ مووساد په‌هباد و ته‌قه‌مه‌نییان له‌نێو بارهه‌ڵگر و جانتادا بردووه‌ته‌ نێو ئێران و فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌کانی ڕێژیمیان خستووه‌ته‌ ژێر چاوه‌دێریی ورد و چڕه‌وه‌.

له‌و ڕاپۆرته‌دا به ‌ئاماژه‌دان به‌ ورده‌کاریی دیکه‌ی ئه‌رته‌شی ئیسرائیل و مووساد پێش ده‌سپێکی ئۆپه‌راسیۆنه‌کان بڵاوی کردووه‌ته‌وه‌ که‌ ئیسرائیل پێڕستی ٢٥٠ ئامانج که‌ ته‌واوی فه‌رمانده‌ سه‌ربازییەکان و زانایانی ناوکیی ڕێژیمی له‌خۆ ده‌گرت، ئاماده‌ کردبوو.

ڕۆژی هه‌ینی ئه‌رته‌شی ئیسرائیل ڕایگه‌یاند: له‌ ئۆپه‌راسیۆنی شێری ڕاساودا، هه‌زاران ده‌زگای سانتێرفیووژ، ٥٠ له‌سه‌دی سه‌کۆ مووشه‌کییه‌کان، ١٥ فڕۆکه‌ی شه‌ڕکه‌ر و ٦ فڕۆکه‌خانه‌یان کردووه‌ ئامانج و له‌نێویان بردووه‌.

هه‌روه‌ها ئاویخا ئێدرعی، وته‌بێژی ئه‌رته‌شی ئیسرائیل له‌و باره‌وه‌ نووسیویەتی‌: "سێ ناوه‌ندی سه‌ره‌کیی ناوکیی ئێران زیانی جیددییان پێ گه‌یشتووه‌".

هه‌روه‌ها کۆشکی سپی عه‌مه‌ڵیاتی فڕۆکه‌ی بی ٢ی بۆ سه‌ر بنکه‌ ناوکییه‌کانی ڕێژیمی ئێرانی به‌ "سه‌رکه‌توو" له‌ قه‌ڵه‌م داوه‌ و دۆناڵد ترامپیش ئه‌و هێرشه‌ی به‌ سه‌رکه‌وتنی دره‌وشاوه‌ی سه‌ربازی" ناو بردووه‌ و وتوویەتی‌: "دامه‌زراوه‌ ناوکییه‌کانی ئێرانمان له‌نێو برد".