کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فرانس ٢٤: وێنەی چەکی ئێرانی وەک چەکوچۆڵی ئەندامانی مووساد بڵاو کراوەتەوە

17:24 - 7 پووشپەڕ 2725

هەواڵدەریی "فرانس ٢٤" لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەو کەرەستانە کردووە کە ڕێژیم لە میدیاکاندا بە ناوی کەرەستەی ئەندامەکانی مووساد لە نێوخۆی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، بەڵام هیچیان دروستکراوی ئیسرائیل نین.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەم هەواڵدەرییە فەرانسەییە، کۆماری ئیسلامی لە هەوڵدایە تاکوو بە دەسبەسەرکردنی ئەندامەکانی مووساد لە ئێران و دۆزینەوەی کەرەستە و چەکوچۆڵەکانیان، خۆی بە سەرکەوتووی شەڕەکە لە قەڵەم بدات، بەڵام وێدەچێت کە ئەم دەسبەسەرکرانانە و دۆزینەوەی چەکوچۆڵەکان هەمووی ساختە بێت.
ڕاپۆرتەکە شی دەکاتەوە کە تاکوو ئیستا دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی نەیانتوانیوە بەڵگەیەکی متمانەپێکراو لە دۆزینەوەی ئەم چەکوچۆڵانە یان دەسبەسەرکردنی ئەندامانی مووساد رادەست بکەن.
بە بڕوای کارناسان ئەو دانپێدانانە کە لە میدیاکانی ئێراندا لەم پێوەندییەدا بڵاو کراونەتەوە، لە ژێر گوشاردا بووە و هیچ بەڵگەیەک نیە لەوەی کە ئەم کەسانە سەر بە مووساد بن.
ڕاپۆرتەکە لە درێژەدا بۆ سەلماندنی چەواشەکارییەکانی ڕێژیم باس لە وێنەیەک دەکات کە پێشتر وێنەگرانی هەواڵدەریی "ئاسۆشەیتد پرێس" لە ئۆکراین تۆماریان کردووە.
دەنگوڕەنگی ڕێژیم وێنەکەی بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ٣ی پووشپەڕ، ٤٠٢ دڕۆن لە دوو شاری پارێزگای هورموزگان دەستی بە سەردا گیراوە.
فرانس ٢٤ لە بەشێکی دیکەدا پشتی بە گرتە ڤیدیۆیەکی دیکە بەستووە کە میدیاکانی ڕێژیم لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە ناوی دەسبەسەرکران و لێکۆڵینەوە لە سیخوڕانی موساد بڵاویان کردووەتەوە.
ڕاپۆرتەکە پشتڕاستی کردووەتەوە کە لە بەشێک لە گرتە ڤیدیۆکەدا کە وێنەی کۆمەڵێک چەکوچۆل بە ناوی کەرەستەکانی ئەندامانی مووساد بلاو کراوەتەوە، هەمووی چەکوچۆڵی دروستکراوی ئێرانە.
لە لێکۆڵینەوەکانی ئەم هەواڵدەرییەدا دەرکەوتووە کە چەکە نیشاندراوەکان لە جۆری پەدافەندی "میساقی ٣" و دڕۆنی "شاهینی ١"ـە کە هەر دووکیان دروستکراوی ئێرانن و پێوەندییان بە ئیسرائیلەوە نییە.
ڕاپۆرتەکە جەختی کردووەتەوە کە بڵاوکردنەوەی وێنەی چەکوچۆڵی ئێرانی و نەبوونی هیچ بەڵگەیەکی متمانەپێکراو، گومانەکانی بۆ دوور لە ڕاستیبوونی ئەم  ڕاپۆرتانەی ڕێژیم، زیاتر کردووە.