کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بوونە قوربانیی دایکێک و کۆرپەڵەکەی لە ژێڕ کاریگەرییەکانی پڕۆپاگاندای ڕێژیم بۆ گەشەدان بە حەشیمەت

23:00 - 15 جۆزەردان 2725

هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕیژیم هەواڵی مردنی دایکێک و کۆرپەڵەکەیان بەهۆی نەبوونی کادری پێویستی پزیشکییەوە پشتڕاست کردەوە.

هەواڵدەریی تەسنیم سەر بە سپای پاسداران، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی جۆزەردان هەواڵێکی سەبارەت بە گیانلەدەسدانی دایکێک و کۆرپەڵەکەی بەهۆی نەبوونی کادری پزیشکییەوە لە شاری "پولدوختەر"، سەر بە پارێزگای لوڕستان، پشتڕاست کردەوە.

بەپێی زانیارییەکان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژنێکی دووگیان دەبرێتە ناوەندێکی دەرمانی لە شاری پولدۆختەر، بەڵام بەهۆی نەبوونی پزیشکی پسپۆڕەوە، کۆرپەڵەکەی دەبێتە قوربانی و پاشان خۆیشی گیانی لەدەست ئەدا.

گیانلەدەستدانی ئەم دایکە و کۆرپەڵەکەی لەکاتێکدایە کە دەوڵەت و هەموو دامەزراوە پێوەندیدارەکان لە ئێران بە هەموو شێوەیەک لە هەوڵدان تاکوو خەڵک بۆ منداڵداربوون هان بدەن.

 لە سەر فەرمانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم، پەرەدان بە سیاسەتەکانی بەرزبوونەوەی حەشیمەت لە ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوییەوە، وەک یەکێک لە گرینگترین بابەتەکانی نێوخۆی ئێران چاو لێ دەکرێت و لەلایەن دامودەزگا پێوەندیدارەکانەوە گرینگیی پێ ئەدرێت.

ڕێژیم لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو بە پێدانی هێندێک خەڵات وەک بڕە پارەیەکی کەم، پارچە زەوی، سەبەتەی خۆراک یان هەر هاندەرێکی دیکە لە هەوڵدا بووە کە خەڵکی ئێران هان بدات کە منداڵی زیاتریان ببێت، بەڵام هاوکات بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی لە بواری کۆمەڵایەتی و ئابووریدا نەیتوانیوە هیچ یەک لە ژێرخانەکان بۆ پەرەسەندنی حەشیمەت دەستەبەر بکات.

جیا لە بابەتی هەژاری خەڵک و نەبوونی توانا بۆ بەخێوکردنی تەنانەت یەک منداڵیش لە دۆخی ئێستای ئێراندا، بابەتی نەبوونی پزیشکی پسپۆڕ، کەرەستەی پزیشکی و دەرمانیی پێویست و هەروەها نەبوونی ناوەندی دەرمانی بەڕادەی پێویست بەتایبەتی لە ناوچە پەراوێزخراوەکاندا، سەرەکیترین کێشەکانی منداڵداربوونی خەڵک لە دۆخی ئێستای ئێراندایە.

لە وەها بارودۆخێکدا کە نە تەنیا گیان و گەشەکردنی منداڵ لە دۆخێکی ئاسایی و ئەمڕۆییدا بۆ حکوومەت هیچ گرینگییەکی نییە، بەڵکوو گیانی دایکانی دووگیانیش لەژێر مەترسیی جیددیدایە و ساڵانە چەند نموونەیەکی وەها لە نەخۆشخانەکانی ئێران ڕوو ئەدات و بەهۆیەوە ئاوات و خولیای بنەماڵەکان تێک دەشکێندرێت.

نەبوونی داهاتی پێویست بۆ لەدایکبوون و گەورەکردنی منداڵ، نەبوونی خزمەتگوزاریی دەرمانیی پێویست، نەبوونی ژێرخانی پەروەردەیی پێویست و هەروەها بێهیوایی بە داهاتوو، لە سەرەکیترین هۆکارەکانی منداڵدارنەبوونی خەڵک لە ئێرانە.

لە ٣١ی خاکەلێوەی ئەمساڵیشدا ژنێکی دووگیان بە ناوی سارا تاو خەڵکی مەریوان لەگەڵ کۆرپەڵەکەی، بە هۆی کەمتەرخەمیی پزیشکییەوە گیانیان لەدەست دا و وڵامدەرنەبوونی ناوەندەکانی رێژیم بەم بابەتە وای کرد کە هاوسەری سارا تاو بە ناوی شاهۆ حەسەنپوور مانگێک دواتر کۆتایی بە ژیانی خۆی بێنێ.