
ئەرتەشی ئیسرائیل شەوی شەممە ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش لەگەڵ دەزگای ئەمنییەتی نێوخۆیی (شاباک) یەکێک لە دامەزرێنەرانی باڵی نیزامیی حەماسیان کوشتووە.
لە ڕاگەیەندراوی ئەرتەشی ئیسرائیلدا هاتووە: ''دوێنێ شەممە ٧ی پووشپەڕ لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا، ئەرتەشی ئیسرائیل و شین بێت، محەممەد عیسا ئەلعیسا، ئەندامی باڵای بزووتنەوەی حەماسیان لە ناوچەی سەبرە لە شاری غەززە کردە ئامانج و کوشتیان.
بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە، "محەممەد عیسا ئەلعیسا کەسێکی دیاری باڵی نیزامیی حەماس بووە و بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەم باڵە ناسراوە".
هەروەها ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند: "ئەلعیسا سەرۆکایەتیی ناوەندی پشتیوانیی شەڕی لە باڵی نیزامیی حەماس دەکرد و ڕۆڵێکی بەرچاوی لە پلاندانان و جێبەجێکردنی هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەردا هەبووە".
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: "لە کاتی شەڕ و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئەلعیسا سەرۆکایەتیی بارەگای پشتیوانی شەڕی دەکرد و هێرشە ئاسمانی و دەریاییەکانی ئاراستەی هاووڵاتییانی مەدەنی ئیسرائیل و هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە دەکرد. هاوکات هەوڵی دەدا پێکهاتە ڕێکخراوەییەکانی حەماس کە لە کاتی شەڕدا زیانیان پێگەیشتبوو، دووبارە بنیات بنێتەوە".