کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە دۆخێکی ئەمنییەتی توند بەسەر شارەکانی ئێراندا زاڵ بووە

10:11 - 8 پووشپەڕ 2725

ڕۆژنامەی ''واڵ ستریت ژورناڵ''، لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە دۆخی دوای شەڕی ڕێژیمی ئێران و ئیسرائیل کە ١٢ ڕۆژەی خایاند، باسی لە زیادبوونی ئێعدام و دەسبەسەرییەکان کردووە و نووسیویەتی هێزە ئەمنییەکان لە حەشارگەکانیان هاتوونەتە دەرەوە و ئێستا لە شەقامەکاندا خاڵی پشکنین دادەنێن و بەدوای سیخوڕدا دەگەڕێن.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هەر کە بۆردومانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کۆتایی هات، ڕێبەرانی ئایینی و هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە لە پەناگەکانیان هاتوونە دەرێ و هەڵمەتێکی نوێیان بە ناوی "دۆزینەوەی سیخوڕەکان" دەست پێ کردووە.

ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە سەدان کەس لەلایەن بەسیج یان پۆلیسەوە لەکاتی گەشت لێداندا دەسبەسەر کراون و ڕێبواران، ماشین، تلفۆن و کامپیوتەرەکانیش پشکنینیان بۆ دەکرێت.

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە هەزار کەس بە تۆمەتی هاوکاریکردنی ئیسرائیل دەسبەسەر کراون و هەتا ئێستاش شەش کەس لە سێدارە دراون.