کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل خەریکی ئامادەکاریی هێرش بۆ سەر ڕێژیمی ئێرانە

10:42 - 8 پووشپەڕ 2725

ماڵپەڕی تایبەتیی "وارزۆن" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە ئەرتەشی ئیسرائیل خەریکی خۆئامادەکردن بۆ هێرش بۆ سەر ڕێژیمی ئێرانە و بەکاربردنی فڕۆکەی زیاتر و پاوانی ئاسمانی ئێران لە بەرنامە سەرەکییەکانی کاریان دەبێ.

یێسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە شەڕی ١٢ ڕۆژەی ڕابردوو تەنیا دەسپێکێک بووە.

سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترامپ ئاگربەستی لە نێوان دوو وڵاتدا ڕاگەیاند بەڵام فەرمانی کاتز و ئامادەکاریی ئەرتەشی ئیسرائیل، بۆنی هێرش بۆ سەر ڕێژیمی ئێرانی لێ دێت.

کاتز لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئیکس" ڕایگەیاندووە کە ئامانجیان لەو خۆئامادەکردنە، پاوانی ئاسمانی ئێران، ڕێگری لە بەرنامەی ناوکی، بەرهەمهێنانی مووشەک و هەروەها بەربەرەکانێ لەگەڵ هێزە نیابەتییەکانی ڕێژیم لە ناوچەکەدایه.

ناوبراو وتوویەتی کە هێرش دەکەنە سەر ماری بێ‌ددانی تاران و پێویستە تاران ئاگاداری بەرنامەکانی داهاتووی ئیسرائیل بێت.

فەرماندە نیزامییەکانی ئیسرائیل لە ئێستادا بەدەستەوەگرتنی ئاسمانی ئێران بە یەکێک لە ڕازەکانی سەرکەوتنی خۆیان دەزانن.

ئەو لێدوانانە بە دوای ئەوەدا هات کە ئیسرائیل لە هێرشی پێشووی خۆیدا لەژێر ناوی "شێری ڕاساو" زۆربەی پێگە مووشەکی، پەدافەندی ئاسمانی، بنکەی ناوکی و کۆمەڵێکی زۆر لە زانا ئەتۆمی و فەرماندە نیزامییەکانی ڕێژیمی کردە ئامانج.