
ڕێبەری کۆماری ئیسلامی پێشنیاری ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی ڕەت کردەوە و وتی کۆماری ئیسلامی لە پیتاندنی ئۆرانیۆم بەردەوام دەبێت.
عەلی خامنەیی ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی جۆزەردان لە ڕێوڕەسمی سی و شەشەمین ساڵڕۆژی مردنی خومەینی دامەزرێنەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەسەر گۆڕی ناوبرا قسەی کرد و وتی: سەبارەت بە پرسی ناوکی، پلانی ئەمریکا لە سەداسەد دژی توانایی ئێمەیە.
ناوبراو وتی کە ئێران سووڕێکی تەواوی سووتەمەنیی ئەتۆمی هەیە و پیتاندنی ئۆرانیۆم کلیلی پرسی ئەتۆمییە و دوژمنانمان پەنجەیان لەسەر پرسی پیتاندن داناوە.
خامنەیی ئاماژە بە لێدوانی بەرپرسانی ئامریکا و دۆناڵد ترامپ دەکات کە ڕایانگەیاندووە ئێران دەبێ لە ئەگەری هەر ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا پیتاندنی خۆی سفر بکات و بۆ بەرنامە ئەتۆمییە مەدەنییەکەی خۆی ئۆرانیۆم لە دەرەوە هاوردە بکات.
خامنەیی بە توندی هێرشی کردە سەر ئەم هەڵوێستەی حکوومەتی ئەمریکا و وتی: "وڵامی ئێمە بۆ قسە بێماناکانی ئەمریکا ڕوونە و ئەوان ناتوانن لەم بابەتەدا هیچ هەڵەیەک بکەن."
ناوبراو زیادی کرد: پیشەسازیی ئەتۆمی تەنیا بۆ وزەی ناوکی نییە، ئەمە بەشێکە لە سوودەکانی، و پیشەسازی ئەتۆمی پیشەسازییەکی دایکە و ئەگەر سەد وێستگەی ناوکی و ئەتۆمیمان هەبێ گەر پیتاندن نەبێ بێ سوودە.
پرسی ناوکیی ئێران و دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کە ئێستا بۆ ماوەی پێنج خول بەڕێوە دەچێت تا ئێستا ئەنجامێکی وای نەبووە. و ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا ترسی ئەوەیان هەیە کە ئێران ئەوەندە ئۆرانیۆمی پیتێنراوی کۆکردبێتەوە کە بتوانێت چەکی ئەتۆمی دروست بکات، بەڵام کاربەدەستانی ڕێژیم ئیدیعا دەکەن کە وا نییە و ڕەتی دەکەنەوە.
ئێران تاکە وڵاتە لە جیهاندا کە ئۆرانیۆمی تا ئاستی ٦٠٪ پیتاندووە، ئەمەش لە حاڵێکدایە کە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی تەنیا پێوستی بە پیتاندنی ٩٠٪ هەیە.
بەم حاڵەشەوە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا سوورە لەسەر ئەوەی کە لە هەر ڕێککەوتنێکدا بێت ئێران نابێت پیتاندنی ئۆرانیۆمی خۆی بەردەوام بکات و واشنگتۆن پێشنیاری پیتاندنی سنوورداری بە تاران داوە و ڕایگەیاندووە ئەو پیتاندنە دەبێ لە ئاستی ٣٪دا بێت.
هەروەها ڕەتکردنەوەی ئەم پێشنیارەی ئەمریکا لەلایەن ڕێبەری کۆماری ئیسلامییەوە لەکاتێکدایە کە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو کە تاران خەریکی پێداچوونەوە و وڵامدانەوەی ئەو پێشنیارە نووسراوەی واشنگتۆن دەکات کە ویتکاف سەرۆکی دانوستانکاری ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە پێشکەشی ئێرانی کردبوو.
کارۆلین لویت وتەبێژی کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندبوو کە ویتکاف پێشنیارێکی ورد و قەبووڵکراوی خستووەتە بەردەم ڕێژیمی ئێران و ئەگەر قەبووڵ نەکرێت ئەوە بەپێچەوانەوە ئێران ڕووبەڕووی لێکەوتەی جیددی دەبێتەوە.