
هەواڵدەریی "فاکس نیوز" لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە "هیدایەتوڵڵا فەرزادی" بەرپرسی زیندانی "ئێڤینـ"ـی تاران لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا لەلایەن ئیسرائیلەوە و لە ڕێگای کوڕەکەیەوە هەڕەشەی لێ کراوە و بەو هۆیەوە شوێنی مانەوەی خۆی بەجێ هێشتووە و خۆی حەشار داوە.
بەپێی پەیامە واتساپییەکانی ئیسرائیل کە بۆ ئەمیر کوڕی هیدایەتووڵڵا فەرزادی چووە، هەڕەشە کراوە کە ئەو قسە لەگەڵ باوکی بکات و هەتا زوویە زیندانییەکان ئازاد بکات ئەگینا لە چەند کاتژمێر دواتر ئەگەر پەیامەکە نەگات، لێی دەدەرێ.
دوای ئاگادارکردنەوەی فەرزادی، ناوبراو زیندانی ئێڤین بەجێ دەهێڵێت و تا ئێستا شوێنێ مانەوەی دیار نییه.
هیدایەتوڵڵا فەرزادی کە لە ساڵی ٢٠٢٢ـەوە سەرۆکایەتی زیندانی ئێڤینی بە دەستەوەیە، لەلایەن ئامریکا و ئورووپاوە بەهۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ وەکوو ئەشکەنجە، لێدان، برسیکردن، دەستدرێژی جنسی و کوشتنی زیندانییانی سیاسی سزای لەسەر بوو.
وەزارەتی خەزانەداریی ئامریکا ڕایگەیاندووە کە ناوی "فەرزادی" لە ڕیزی ئەو کەسە تایبەتانەدایە کە سزای تایبەتیی لەسەرە و هاوکاریی هەر لایەنێکی ئامریکایی لەگەڵ ناوبراو قەدەغە کراوە.
"فەرزادی" پێشتریش بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بەرپرسایەتیی زیندانی "دێزڵاوا"ی کرماشانی لە ئەستۆ بووە کە هۆکاری سەرەکیی ئەشکەنجە و ئازاری زیندانییان بووە و لە ماوەی بەرپرسایەتی ئەو لە زیندانی فشافوویەش، ئەو تاوانانەی لەسەر بووە.