کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فڕینی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە ئێران سنووردار دەکرێت

17:14 - 8 پووشپەڕ 2725

مەجلیسی ڕێژیم لە گەڵاڵەیەکدا فڕینی هەر چەشنە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی لەسەر شوێنە ئەمنی و سەربازییەکان، قەدەغە کرد.
ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەڕ، مەجلیسی ڕێژیم گەڵاڵەیەکی پەسەند کرد کە بەپێی ئەم گەڵاڵەیە، جیا لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانە سەربازییەکان، فڕینی هەر چەشنە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لەسەر شوێنە سەربازی، ئەمنی و هەستیارەکان، قەدەغە دەکرێت.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان ئەم یاسایە دەڵێت: "کەڵکوەرگرتن لەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە بۆ کاروباری سەربازی نابن، دەبێت بە وەرگرتنی مۆڵەت ئەنجام بدرێت و هەروەها تەنیا ئەو فڕۆکانەی کە بەڵگەنامەی فەرمییان هەیە و خاوەنی بڕوانامەی یاسایی و متمانەپێکراو بن، دەتوانن هەڵفڕن".
یاساکە بۆ دوو پارێزگای "تاران" و "کەرەج"ـی دیاری کردووە کە خاوەنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لەم دوو پارێزگیە دەبێت تەنیا بە وەرگرتنی مۆڵەت لە قەرارگای "سارەڵڵا"ـی سپای پاسداران، ڕێگەی فڕینیان پێ بدرێت.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی گەڵاڵەکەدا هاتووە، دروستکردن و بەرهەمهێنانی هەر چەشنە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان دەبێت مۆڵەتی دامەزراندنی هەبێت و هەروەها ئەم مۆڵەتە تەنیا بە کەسانێک بدرێت کە لە دەزگای دادوەریی ڕێژیمدا هیچ تاوانێک بە ناویانەوە تۆمار نەکرابێت.
جیا لەم مۆڵەتنامانە، مۆڵەتنامەی وەزارەتی ئیتلاعات و ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و هەروەها پشتگیریی وەزارەتی بەرگریش، لە پێداویستییەکانی دروستکردن و بەرهەمهێنانی هەر چەشنە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان دەبێت.
گەڵاڵەکە جەختیش دەکاتەوە کە بەرهەمهێنان بەبێ ئەم مۆڵەتنامانەی کە باسی لێ کرا وەک تاوان دێتە ئەژمار و جگە لە سزای نەختی، سزای ١٠ تا ١٥ ساڵ بەندکرانی بۆ دیاری دەکرێت.