کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەندکراوانی بەندیخانەی تارانی گەورە سێ ڕۆژی ئاوی خواردنەوەیان نییە

17:15 - 8 پووشپەڕ 2725

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لە بەندیخانەی تارانی گەورەوە، بەندکراوانی ئەم بەندیخانەیە بۆ ماوەی سێ ڕۆژە کە ئاوی خواردنەوەی شیرینیان دەست ناکەوێ.

دەوترێت ئاوی ئەم بەندیخانەیە سوێرە و بەندکراوان بۆ دروستکردنی چای و خواردن هەر لەو ئاوە کەڵک وەردەگرن بەڵام بۆ خواردنەوە ناچارن ئاوی مەعدەنی بکڕن.

بە وتەی سەرچاوەکان، ئاوی مەعدەنیی نێو بەندیخانەکە تەواو بووە و بەندکراوان سێ ڕۆژە لە دەستڕاگەیشتن بە ئاوی خواردنەوەی شیرین بێبەری کراون.

زۆربوونەوەی حەشیمەتی بەندکراوان لەم بەندیخانەیە، هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی پێداویستییەکانی بەندکراوانە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە گەرمەی شەڕی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیدا، ئەرتەشی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر بەندیخانەی ئێڤین و بەم هۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە بەندکراوان بۆ بەندیخانەی تارانی گەورە ڕاگوێزران.

جیا لە کەمبوونی پێداویستییەکی وەکوو ئاو، بچووکبوونی ژوورەکان و زۆربوونی حەشیمەتی بەندکراوان بەتایبەت لەم وەرزی گەرمایەدا، کێشەی بۆ بەندکراوان دروست کردووە.