
بەپێی زانیارییە بڵاوەبووەکان لە گەڵاڵەی نوێی مەجلیسی ڕێژیم سەبارەت بە چڕکردنەوەی سزاکان بۆ سەر سیخوڕان و یارمەتیدەرانی ئیسرائیل، کڕین و فڕۆشتنی ئینتێرنێتی "ستارلینک"، لە ٢ تا ١٠ ساڵ بەندکرانی بۆ دیاری کراوە.
ڕێکەوتی ٢ی پووشپەڕ، نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم گەڵاڵەیەکیان لەژێر ناوی "چڕکردنەوەی سزاکانی سیخوڕی و یارمەتیدەرانی ئیسرائیل و وڵاتانی دوژمن بە دژی ئەمنییەت و بەرژەوەندییەکانی میللی" پەسەند کرد کە لە بەشێک لە گەڵاڵەیەدا کڕین و فرۆشتنی ئینتێرنێتی ستارلینک بۆ هاووڵاتییان قەدەغە کراوە و هەروەها سزای ٦ مانگ تا ٢ ساڵ بەندکرانی بۆ دیاری کراوە.
هەروەها یاساکە جەخت دەکاتەوە کە ئەگەر کەسێک بە مەبەستی بەرپرچدانەوەی هەوڵەکانی دەسەڵات بۆ پچڕانی ئینتێرنێت، زیاتر لە ١٠ ئامرازی ئینتێرنێتی ستارلینک هاوردە بکات، سزاکەی لە ٥ـەوە تاکوو ١٠ ساڵ بەندکران، زیاتر دەبێت.
یاساکە هەر چەشنە هەوڵێک بۆ یارمەتیدانی ئیسرائیل و ئەمریکا یان بە وتەی خۆیان وڵاتانی دوژمن، وەک "افساد فی الارض" دێنێتە ئەژمار و سزای لەسێدارەدانی بۆ دیاری کردووە.
لە بەشێکی دیکەی یاساکەدا هاتووە کە هەر چەشنە چالاکییەک وەک بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست، بەرهەمهێنانی نێوەڕۆکی میدیای کە بە وتەی مەجلیسی ڕێژیم "ببێتە هۆی لێکترازان، تۆقاندنی گشتی و زیان بە ئەمنییەتی میللی"، سزای ١٠ تا ١٥ ساڵ بەندکرانی بۆ دیاری دەکرێت.
هەروەها جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە گرتنی وێنە و گرتە ڤیدیۆ بۆ کاناڵەکانی دەرەوەی وڵات ٢ تا ٥ ساڵ و کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیش لە کاتی شەڕدا ٥ تا ١٠ ساڵ بەندکرانی بەدواوە دەبێت.
پەسەندکردنی ئەم یاساگەلە کە گوشاری ڕاستەوخۆ دەخاتە سەر خەڵک، پاش تەواوبوونی شەڕی ١٢ ڕۆژە پەرەی سەندووە.
بە وتەی ناوەندە مافی مرۆڤییەکان، ڕێژیم وەک هەوڵەکانی خۆی لە ڕابردوودا، جارێکی دیکە بۆ سەرپۆش خستنەسەر شکستەکانی، بەتایبەتی شکستەکانی بەرامبەر بە ئیسرائیل و ئەمریکا، دەستی کردووەتەوە بە سەرکوتی بەربڵاوی خەڵکی ئێران.
هەر لەم ماوەیەدا ڕێژیم هەزاران هاووڵاتیی بەتۆمەتگەلی هاوکاریکردن لەگەڵ ئیسرائیل دەسبەسەر کردووە و تاکوو ئیستاش ٦ کەسی لە سێدارە داوە.