کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یاسای نوێی مەجلیسی ڕێژیم بۆ هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا

17:19 - 8 پووشپەڕ 2725

میدیاکانی ڕێژیم ڕایانگەیاندووە کە نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم گەڵاڵەی زۆرکردنەوەی سزای "سیخوڕی" و "هاوکاری" لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و "وڵاتانی دژبەری ئاسایش و بەرژەوەندییە میلییەکان"یان لە ٩ بڕگەدا پەسەند کردووە.

ئەم یاسایە ڕۆژی ٢ی پووشپەڕ پەسەند کرا بەڵام وردەکارییەکانی ئەمڕۆ بڵاو کراونەتەوە.

مەجلیس بەپێی ئەم یاسا نوێیە ڕایگەیاندووە کە هەر چەشنە چالاکییەکی "ئیتلاعاتی و سیخوڕی و هەوڵێک" بۆ ئیسرائیل، ئەمریکا و یان باقی وڵاتانی دژبەر، افساد فی‌الارض بەئەژمار دێت و سزای سێدارەی بەدواوە دەبێ.

لەم یاسایەدا هاتووە هەرچەشنە هەوڵێکی ئەمنییەتی، سەربازی، ئابووری، تێکنۆلۆژیک یان هەر چەشنە هاوکاریکردنێکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە پێدانی زانیاری و ئاگاهی بەخشین بە مەبەستی پشتڕاستکردنەوە و بەهێز کردن بە ئیسرائیل، وەک افساد فی‌الارض دێتە ئەژمار و سزای سێدارەی بە دواوە دەبێ.

مەبەست لە هاوکاری، کارگەلێکی وەک مۆنتاژ، دابینکردن، ڕاگواستن، مامەڵەکردن، ڕاگرتن و هاوردەکردنی پەهباد بۆ ئێران بە مەبەستەکانی کاری سەربازی، سیخوڕی، تەخریب، تێرۆر یان تێکدانی ژێرخانەکانە.