
ئێمانۆئێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرانسە، ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەڕ، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە هەژماری "ئیکس"ـی خۆیدا ڕایگەیاند کە داوای لە مەسعوود پزشکییان، سەرۆککۆماری ئێران، کردووە تاکوو بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی وتووێژەکان و لە سەر بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییکانی کۆماری ئیسلامی، وتووێژ بکەن.
سەرۆککۆماری فەرانسە لەم پۆستەدا ڕایگەیاندووە کە لە پێوەندییەکی تەلەفوونیدا لەگەڵ مەسعوود پزشکییان، سەبارەت بە بەڵێننامەی ڕێگریکردن لە چەکە ئەتۆمییەکان واتا "ئێن پی تی" قسەی کردووە و هەروەها داوای کردووە کە تاران بە زووترین کات ڕێگە بدات بە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی کە چالاکییەکانی لە ئێران دەست پێ بکاتەوە.
پاش هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر بنکە ناوکییەکانی ئێران، چالاکییەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی بۆ چاوەدێریکردنی بنکە ناوکییەکانی ئێران کۆتایی پێ هات و تاران چیتر ڕێگەی نەدا کە ئاژانس نە لە ڕێگەی چاوەدێرانی خۆیەوە و نە لە ڕێگەی کامێراکانەوە، چاوەدێریی بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران بکات.