
هەواڵدەریی ''ئاسۆشیێتد پرێس'' لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکایی بڵاوی کردەوە، جان ڕێتکڵیف، بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (سی ئای ئەی) بە یاسادانەرانی ئەمریکای ڕاگەیاندووە کە هەڵسەنگاندنی کۆمەڵگەی هەواڵگری ئەوەیە کە بەشێکی زۆری ئۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران بە ئەگەرێکی زۆرەوە وەبن داروپەردووی سایتەکانی ئیسفەهان و فۆردۆوە کەوتووە.
ئەو بەرپرسە کە بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەوە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، باسی لەوە کرد کە ڕێتکڵیف لە کۆبوونەوەیەکی نهێنی ئەندامانی کۆنگرەدا ڕایگەیاندووە، هێرشی ئەمریکا تەنیا ناوەندی گۆڕینی کانزاکانی ئێرانی لەناوبردووە، ئەمەش گورزێکی توندی لە بەرنامە ناوکییەکانی تاران داوە کە ساڵانێکی زۆری دەوێت چاک بکرێتەوە.
کاناڵی سی ئێن ئێن ڕۆژی شەممە ٧ی پووشپەڕ، بە کەڵکوەرگرتن لە وێنەکانی ماهوارەیی ''مەکسار'' باسی لە چالاکیی نوێ لە سایتی فۆردۆ کرد.
ئەو وێنانەی کۆمپانی مەکسار نیشانی دەدات کە کەرەستەی هەڵکەندن و گواستنەوەی خاک لە سایتی ناوکیی فۆردۆ لە ئێران چالاکییان هەبووە.