
ئیبراهیم موتەقی، بەرپرسی کۆلێژی زانستی سیاسیی زانکۆی تاران، لە بەرنامەیەکی تێلێڤیزیۆنیدا وتی: "ئیسرائیل و ئەمریکا ئاگربەست وەک ئامرازێک بۆ نوێکردنەوەی هێزەکانیان و باشکردنی توانا ئامرازییەکانی خۆیان دەزانن".
ناوبراو وتی: "بەڵگەکانی بەردەست ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیسرائیل بە پاڵپشتیی ئەمریکا، لە ماوەی یەک حەوتوودا ئۆپەراسیۆنی نیزامی سەرسوڕهێنەر و وێرانکەری خۆی لە دژی ئێران دەست پێدەکاتەوە".
موتەقی باسی لەوە کرد کە نابێ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئاگربەست بە جیددی وەربگرن.
لەلایەکی دیکەشەوە میدیاکانی ئیسرائیل باس لەوە دەکەن کە ئەرتەش و دەوڵتی ئەو وڵاتە ئامادەکاریەکانیان بۆ شەڕێکی دیکە لەگەڵ ئێران دەست پێکردووەتەوە و هەروەها کارخانە سەربازییەکانی ئیسرائیلیش بە خێراییەکی زیاتر بەرهەمهێنانیان پەرە پێ داوە و پلانیشیان بۆ بەرفراوانکردنی بەرهەمهێنان لە ساڵانی داهاتوودا داڕشتووە.
ماڵپەڕی ئابووریی ئیسرائیلی ''کالکالیست'' ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەڕ نووسیویەتی: "بۆ دامەزراوەی بەرگریی ئیسرائیل ڕوونە کە دەبێت خۆی بۆ خولێکی دیکەی شەڕ لەگەڵ ئێران ئامادە بکات".
هەروەها ماڵپەڕی والانیوز لە تێلاڤیڤ، نووسیویەتی: "ئەرتەشی ئیسرائیل لەسەر ئە باوەڕەیە لە ئەگەری هەر ململانێیەکی داهاتوو لەگەڵ ئێران، دەبێت بتوانێت وەک دوایین ئۆپەراسیۆنەکانی خۆی، ئێران تووشی شۆک و سەرسووڕمان بکات".