
له ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا چه‌ندین هه‌واڵده‌ریی جیهانی له زاری دۆناڵد ترامپ سه‌رۆککۆماری ئه‌مریکاوه باسیان له دانوستان له‌گه‌ڵ ڕێژیمی ئێران و دانی چه‌ندین بژارده و پێشنیار به به‌رپرسانی ڕێژیم کردبوو کە بووە هۆی هەڵوێستگرتنی سەرۆککۆماری ئەمریکا.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، له نوێترین هه‌ڵوێستی خۆیدا ڕایگه‌یاند کە له دوای هێرش بۆ سه‌ر دامه‌زراوه ناوکییه‌کان، پێوه‌ندییه‌کی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئێران‌دا نه‌بووه.
دۆناڵد ترامپ لەم پێوەندییەدا وتی: "لەگەڵ تاران دانوستان ناکەم و هیچ پێشنیارێکم بۆ ئێران نییه".
ترامپ هەروەها له هەژماری "ترووس سۆشیال"ـی خۆیدا ڕوو له کریس کۆنێز، سیناتۆری دیمۆکرات نووسی: "من به پێچه‌وانه‌ی ئۆباما که چه‌ندین میلیارد دۆلاری له ژێر ناوی ڕێککه‌وتننامه‌یه‌کی گه‌مژانه به ناوی به‌رجام که ڕێگه‌یه‌ک بۆ به‌ده‌ستهێنانی چه‌کی ناو‌کی بوو و له ئێستاشدا له‌نێو چووه، هیچ پێشنیارێکی له‌و چه‌شنه به ئێران ناده‌م".
ناوبراو له درێژه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه داوه که له ئێستادا که دامه‌زراوه ناوکییه‌کانی ئێران به ته‌واوی له‌نێو چووە، ته‌نانه‌ت وتووێژیشیان له‌گه‌ڵ ناکات.
ئه‌و قسانه‌ی ترامپ له‌کاتێکدایه که پێشتر "سی‌ئێن‌ئێن" ڕایگەیاندبوو کە دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ بۆ دەسپێکردنی دانوستان و هەروەها دروستکردنی بەرنامەیەکی ناو‌کی ئاشتیخوازانە بە مەبەستی بەرهەمهێنانی وزە، پێشنیاری پەکەیجێکی ٣٠ میلیارد دۆلاریی بە ڕێژیمی ئێران داوە.
هه‌رچه‌ند دواتر سەرۆککۆماری ئامریکا لە هەژماری کۆمەڵایەتیی خۆی بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک، پێشنیارکردنی پەکەیجی ٣٠ میلیارد دۆلاریی بە ڕێژیمی ئێرانی ڕەت کردەوە.
ناوبراو سەبارەت بەم بابەتە نووسی: "ده‌نگۆی ئەو پەکەیجە ڕاست نییە و تەنیا ڕاگەیاندنەکان ئەو باسەیان هەڵبەستووە".