کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی تایبەتی هەنگاو لەسەر چڕکردنەوەی سەرکوتی ئەمنییەتی لە کوردستان

13:42 - 9 پووشپەڕ 2725

لە دوای دەسپێکی شەڕی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل، شەپۆلێک لە سەرکوت و دەسبەسەرکردن لە ئێران دەستی پێ کردووە کە دەرەنجامەکانی بەتایبەت لە کوردستان بەرچاو بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا زیاتر لە ۳۰۰ هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون کە یەک کەسیان لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراوە.
هەروەها بەپێی ئەم راپۆرتە لەم ماوەیەدا منداڵێک و لاوێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون و سێ بەندکراوی سیاسیی کوردیش لەسێدارە دراون.

هەنگاو لەم ڕاپۆرتەدا بە پشتبەستن بە زانیاری و بەڵگەکانی، باس لەسەر قەبارە جیاوازەکانی ئەو چەوساندنەوە لە کوردستان، بریتی لە دەسبەسەرکردنی سەدان هاووڵاتی، ئەشکەنجەکردن، کوشتن لە گرتنەگە، لەسێدارەدانی سەروویاسایی، داگیرکردنی سەربازیی شوێنە گشتییەکان و میلیتاریزەکردنی شارەکانی کوردستان دەکات.

بەپێی بەڵگەکانی هەنگاو، زیاتر لە ۳۰۰ کەس لە شارەکانی کوردستاندا دەسبەسەر کراون و لە نێوان ئەو کەسانەدا ژمارەیەکی بەرچاو ژن و کچی مێرمنداڵ بۆ نموونە ۱۸ کچی خوار تەمەن ۱۸ ساڵ لە مەهاباد و شەش ژن لە قەسری شیرین دەبیندرێن.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، ناسنامەی ۶۹ کەس لە دەسبەسەرکراوان بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە.

لە ڕەوتی چەوساندنەوەکاندا، کوژرانی چەند هاووڵاتیی کورد بریتی لە منداڵێکی ۹ مانگان لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە تۆمار کراوە.

سێ بەندکراوی سیاسیی کورد بەناوەکانی ئازاد شوجاعی و ئیدریس ئالی خەڵکی شاری سەردەشت و ڕەسووڵ ئەحمەد محەممەد، خەڵکی شاری سلێمانی سەر بە هەرێمی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ۴ی پووشپەڕی ١٤٠٤ بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەسێدارە دران.

هەنگاو لە ڕاپۆرتەکانیدا باسی میلیتاریزەکردن و گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی جەنگ بۆ ناوچەکانی کوردستان کردووە، لەوانە  جێگیرکردنی تۆپخانە لە چیای "گەزن"ـی باینگان سەر بە شاری پاوە و گواستنەوەی کاروانی نیزامی بۆ بۆکان، جێگیرکردنی هێزە ئەمنییەکان لە بینا پەروەردەییەکان لە شاری سەردەشت، وەک قوتابخانەی کچانی "کەوسەر" و گۆڕینی دەوروبەری نەخۆشخانەی فاڕابیی کرماشان بۆ شوێنی ئەنبارکردنی چەکوچۆڵی شەڕ، کارێک کە بە کەڵکوەرگرتن لە قەڵغانی مرۆیی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناسراوە.

لەو ڕاپۆرتەدا باس لە پشکنینی بەرفراوان و توندوتیژانەی مۆبایل و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان لە شاری مەهاباد و دەستبەسەرکردنیان کراوە.

لە دوای دەستپێکی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل، دادگای سنە بە ناردنی کورتەنامەیەک هاووڵاتییانی ئاگادار کردبووەوە کە هەرچەشنە دڵخۆشی دەربڕینێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا تاوانە و بەدواداچوونی یاسایی بۆ دەکرێت و سەبارەت بە هەڵوێستیان بە شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل هەڕەشەیانی لێ کردبوو.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای شەرمەزارکردنی سەرکوتی بەرفراوانی هاووڵاتییانی کورد، داوای کاردانەوەی دەستبەجێ، بەدواداچوونی سەربەخۆ و ناچارکردنی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە وەڵامدانەوە لە کۆمەڵگای جیهانی، ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و سەرجەم رێکخراوە مافی مرۆڤییەکان لە پێناو پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان دەکات.