کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەتەوە یەکگرتووەکان: لە مانگێکدا زیاتر لە ٢٣٠ هەزار هاووڵاتیی ئەفغانستانی لە ئێران دەرکران

13:50 - 9 پووشپەڕ 2725

ڕێکخراوی کۆچبەریی نێودەوڵەتی، سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند کە لە مانگی ژووئەنی زایینیدا زیاتر لە ٢٣٠ هەزار هاووڵاتیی ئەفغانستانی، ئێرانیان بەجێ هێشتووە کە زۆربەیان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دیپۆرت کراونەتەوە.

ئاوەند عەزیز ئاقا، وتەبێژی ڕێکخراوی کۆچبەری نێودەوڵەتی، ڕۆژی دووشەممە ٩ی پووشپەڕ، بە هەوالدەریی فەرانسەی وت: "لە یەکەم هەتا ٢٨ی ژووئەنی ٢٠٢٥، نزیکەی ٢٣٤ هەزار کەس لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە ئەفغانستان، کە ١٣٢ هەزار کەسیان تەنیا لە ماوەی یەک حەفتەدا گەڕاونەتەوە".

ناوبراو زیادی کرد: "بە گشتی لە ١ی ژانەوەیە هەتا ٢٨ی ژووئەنی  ئەمساڵ زیاتر لە ٦٩١ هەزار ئەفغانی لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان کە ٧٠ لە سەدی ئەم ڕێژەیە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دیپۆرت کراونەتەوە".

ژمارەی هاووڵاتیانی دیپۆرتکراوی ئەفغانستانی لە چەند حەفتەی ڕابردوودا بە ڕێژەیەکی بەرچاوزیادی کردووە.

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی رایانگەیاندووە کە مووساد لە هاووڵاتییانی ئەفغانستانی بۆ ئەنجامی هەوڵە سیخوڕییکانی لە نێو ئێران کەڵکی وەرگرتووە.

دەوڵەت تا ڕێکەوتی ١٥ی پووشپەڕ دەرفەتی داوە بەو کەسانەی کە بەڵگەنامەی فەرمییان نییە تاکوو ئێران بەجێ بهێڵن.
 

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فرانسە، زۆرێک لەو کەسانە پاشەکەوتی کەمیان هەیە و هەلی کاریشیان لە ئەفغانستان نییە، چونکە ئەو وڵاتە لەگەڵ هەژاری قووڵ و بێکاری بەرزدا بەرەوڕووە.