
مەجید تەختێڕەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوی ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاندووە کە بۆ ئەوەی دانوستانەکان دەستپێبکەنەوە، پێویستە هەر شێوە هێرش و هەڕەشەیەک لەسەر کۆماری ئیسلامی ڕابگیرێت.
ئەوە لەکاتێدایە کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە بەرنامەیەکی تێلێڤیزیۆنیدا ڕایگەیاند کە ئەوان بە هیچ شێوەیەک دانوستان ناکەن و هەموو کارتێکیشیان لەبەر دەستە.
دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئامریکا و ڕێژیمی ئێران لە بەرەبەری خولی شەشەم شکستیان هێنا و هێرشی ئیسرائیل بە تەواوی پرۆسەکەی پەک خست.
هاوکات لەگەڵ هێرشی ئیسرائیل، ئەمریکاش هاتە ناو شەڕەکەوە و بە هاتنی فرۆکە بۆمبهاوێژەکانی بۆ سەر ئاسمانی ئێران، ٣ بنکەی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان بوردومان کران.
جێگری وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران هەروەها ڕایگەیاندبوو کە ئەوان لە بەرهەمهێنانی ئورانیۆمی پیتێندراو بەردەوام دەبن، بەڵام نە بە ئامانجی دروستکردنی چەک، بەڵکوو بۆ ئامانجی ئاشتیخوازانە.
ئیسرائیل لە ئێستادا هەڕەشەی هێرش بۆ سەر ڕێژیمی ئێران دەکات و ئەوان دەڵێن تا ڕێژیمی ئێران لەسەر بەرهەمهێنانی ئورانیۆمی پیتێندراو بەردەوام بێت، هێرش دەکەنە سەری و ناهێڵن ڕێژیم دەستی بگاتە چەکی ئەتۆمی.