
د. قادر وریا: تاکی ناسنامەخوازی ئەمڕۆی کورد پێناسەیەکی لە شوناسی نەتەوەیی قبووڵە کە فرەچەشنیی کۆمەڵی کوردی و نەتەوەی کورد بگرێتە خۆی
دیمانە: شنۆ مێهرپەروەر
ئاماژە: "وێژمان" لە وتووێژێکدا لەگەڵ د. قادر وریا پێوەندیدار بە زمان، شوناس و سەردەم باسی لە چییەتی زمان وەک پێناسە و توخمێکی سەرەکیی شوناس کردوە، هەروەها بە سەرنجدان بە پێگەی یاسایی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵات و بەشەکانی دیکەی کوردستان کاریگەریی ئەم دۆخەی لەسەر ڕەوشی زمان وەک ناسنامەی نەتەوەیی هەڵسەنگاندوە و پێویستییەکانی پاراستنی زمان و شوناس لە سەردەمی بەجیهانیبوونی خستووەتە بەرچاو. "کوردستان" ئەم وتووێژە لە دوو بەشدا بۆ خوێنەرانی دەگوازێتەوە.
زمانەکانی عەرەبی، تورکی و فارسی زمانی داگیرکردنن. زمانێکن کە لەسەر بنەما و بەستێنی ئەوان داگیرکاری و شەرعییەتی زەینی و ئایدۆلۆژیکیی داگیرکردن بەرهەم هاتووه. تا چەند زمانی کوردی لەگەڵ هەموو ئاستەنگەکانی بەردەمیدا کە دەوڵەت نەتەوەکانی ناوچە بۆیان دروست کردوە، توانیویەتی ببێتە پێناسە و توخمێکی سەرەکیی شوناسی نەتەوەیی کورد؟
زمانەکانی تورکی، عەرەبی و فارسیش وەک هەموو زمانێکی دیکە لە لایەکەوە ئامرازێکن بۆ پێوەندیی نێوان کۆمەڵە مرۆڤێکی دیاریکراو، هەر لەو کاتەدا توانایەکن بۆ خستنەڕووی بیر و ئەندێشە و خاڵ و هزری ئەو کەسانەی قسە بەو زمانانە دەکەن. ئەوە زمانەکان نین کە پاوانخواز، داگیرکەر یان فاشیستن، بەڵکوو ئەو ئایدۆلۆژیا و ئەو سیاسەتانەی لە پشت بەکارهێنانی ئەو زمانانەن، ئەوانن کە داگیرکەرانە، فاشیستی و پاوانخوازن و کار بۆ سڕینەوەی ناسنامەی ئەویدیکە و سەرکوتی زمانەکانیان دەکەن. ڕاستە ئەو زمانانە زمانی نەتەوەی سەردەستن، لەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بە خۆیانەوە لکاندوە، هەر بۆیە پێویستە لە ئاست کاریگەریی نەرێنییان لەسەر زمانی کوردی هەستیار بین، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە تاکی کورد خۆی فێری ئەو زمانانە نەکا. بۆ کوردێک کە لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان لەگەڵ ئەو زمانانە دەژی، بۆ نموونە تاکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێویستە زمانی فارسی بزانێ و باشیشی بزانێ، لە باکووری کوردستان زمانی تورکی بزانێ و باشیشی بزانێ و هەروەها لەو وڵاتانەش کە کورد لەگەڵ عەرەب دەژی و عەرەب نەتەوەی سەردەستە، پێویستە بە چەند هۆکار ئەو زمانانە بزانین. ئێمەی کورد تا ئەوکاتەی لە چوارچێوەی وڵاتێکی دیکەدا دەژین یانی کوردستان بوونێکی سەربەخۆی نییە و کورد ناچارە لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە لە یەک وڵاتدا بژیت، پێویستمان بە زانینی ئەو زمانە هەیە. بۆ وێنە نوێنەری کورد لە پاڕلەمانی ئەو وڵاتانە دەبێ بەو زمانە شەڕ بۆ داکۆکی لە مافەکانی نەتەوەکەی بکات. لە زانکۆکان، لە کۆڕ و کۆنفڕانسە زانستییەکان، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پێویستە بەو زمانانە ئامانجەکانی خۆمان ڕوون بکەینەوە، ناراستییەکان بەرپەرچ بدەینەوە، بوونی خۆمان و مافەکانی خۆمان و ویستەکانی خۆمان بسەلمێنین، ئەگەر ئەو زمانانە نەزانین، دەنگمان بە بەردەنگەکانمان لە نێو ئەو ولاتانەدا ناگات. بۆیە من لەگەڵ ئەوەدا نیم کە ئێمە دووری لەو زمانانە بکەین، پێویستمان بەوە هەیە کە ئەو زمانانە بزانین و بتوانین بە هۆیانەوە شەڕی خۆمان لەگەڵ بەرامبەرەکانمان بکەین.
دێمە سەر ئەو بەشەی پرسیارەکەت کە سەرەڕای ئەوەی ئەو زمانانە لە خزمەت سیاسەتی داگیرکەرانە و لە خزمەت سیاسەتی هەژمۆنیی دەسەڵات لە وڵاتەکانی خۆیاندان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زمانی کوردی هەر توانیویەتی بەشێکی سەرەکی بێت لە ناسنامەی نەتەوەیی کورد، ئەو نەتەوانەی ئێمەی کورد لە گەڵ ئەوان لە چوارچێوەی ولاتێکدا دەژی لە باری ئایینەوە لێک نێزیکین ، ڕاستە خاوەنی سەرزەویی خۆمانین، مێژوویەکی تایبەت بە خۆمان هەیە، و کۆمەڵێک شتی تر هەیە کە ئێمە لە ئەوان جیا دەکاتەوە، بەڵام گرنگترین هۆکاری لێک جیاکردنەوە و جیاوازیمان، ئەوەی لە هەمووان بەرچاوترە، زمانی کوردییە. لە شوێنێک کە تاکەکانی سەر بە چەند نەتەوە پێکەوە دەژین، یەکەم شت کە کوردیک خۆی پی لەوانی دیکە جیا دەکاتەوە، زمانەکەیەتی. لە سەردەمی ئێستادا بەجیهانیبوون و کەمرەنگبوونی سنوورەکان بۆ پێوەندییەکان و پێکەوەژیان وایان کردوە کە لە ڕووی جلوبەرگەوە، لە باری جۆری خواردن و خواردنەوە، مۆسیقا، بیناسازی و شێوەی ژیان و زۆر لایەنی دیکەی کولتووری، وێکچوونی زۆر لە نێوان کۆمەڵ و نەتەوەکاندا دروست بووە. یانی ئەمانە وایان کردووە ئێمە هەست بکەین لە ڕووی کولتووریشەوە لەگەڵ نەتەوەکانی دراوسێمان لێک نزیکین. لە پلەی یەکەمدا ئەوەی ئێمە لە ئەوان جیا دەکاتەوە، زمانەکەیە. من بۆ خۆم وا بیر دەکەمەوە ئەگەر کوردێک بەرانبەر بە تورکێک بەرانبەر فارسێک، عەرەبێک و هەر کەسێکی دیکە کە بە زمانی دیکە قسە دەکات بیهەوێ بیر لە بوونی خۆی بکاتەوە، بیر لە ئەدەبیاتی خۆی، لە شێعر لە چیرۆک، ڕۆمان، بەیت و گۆرانی و لالایی و پەند و ئەفسانەی خۆی و... دەکاتەوە کە ئەوانە زۆربەیان لە زمانەکەیدا کە زمانی کوردییە، ڕەنگدانەوەیان هەیە، کە وایە بە دڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم زمانی کوردی توانیویەتی ببێتە بەشێکی سەرەکی لە ناسنامەی کورد و، تاکی کورد بەر لە هەرشتێکی دیکە بەهۆی زمانەکەی خۆی لە دەوروبەرەکەی جیا دەکاتەوە و هەست دەکات شوناسێکی تایبەت بە خۆی هەیە.
د. قادر وریا، زمانناس و مامۆستای زانکۆ
کوردی لە باشووری کوردستان زمانی فەرمییە، لە یاسای بنەڕەتیی وڵاتی عێراقیشدا زمانی کوردی وەک زمانی عەرەبی، زمانێکی فەرمییە. لە ڕوژئاوای کوردستانیش، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکاندا زمانی کوردی، زمانی فەرمییە. بەڵام لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان خوێندن و پەروەردە بە زمانی کوردی نەک نییە، بەڵکوو قەدەغەشە. ئەم جیاوازییە لە پێگەی زمانی کوردی لەو چوار وڵاتەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، چ کاریگەرییەکی لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی کورد کە یەکێک لە کۆڵەکەکانی زمانە، داناوە؟
پێگەی زمان بۆ خۆی چەمکێکی گرینگە و ئاماژەیە بەو پێگەیەی کە زمانێک لە وڵاتێک هەیەتی، جۆری پێگەیەکی کە زمانێک لە کۆمەڵ و وڵاتێکدا هەیەتی دەتوانێ زۆر ڕۆڵی لە پێشکەوتن یان لاوازبوونیدا هەبێت. یانی ئەگەر زمانێک پێگەیەکی ڕەسمی، قانوونی و پێگەیەکی ئایینیی هەبێت، ئەمانە یارمەتیدەری دەبن بۆ پێشکەوتنی. بۆ نموونە زمانی فارسی کە لە ئێران زمانی ڕەسمییە، پێگەیەکی قانوونی و تاقانەی هەیە و کراوە بە تاکە زمانێک کە لە ئێراندا لە بواری پەروەردەدا، لە ڕووی ئیدارییەوە، لە دادگا و پارڵمان و دەولەت و لە گشت بوارە ڕەسمییەکاندا، کاری پێ دەکرێت و بێ ڕکابەرە، ئەمە کۆمەڵێک ئاسانکاریی بۆ دابین دەکات. یانی دەوڵەت و دەسەڵات ناچار دەکات کە بە شێوەی جۆراوجۆر لە خزمەتیدا بن. بۆیە زمانێک کە لەو پێگەیە بێبەشە بە دڵنیاییەوە تووشی زۆر کێشە دەبێت. ئاماژەتان بە پێگەی زمانی کوردی لە ئێراق کرد، ئەمە نموونەیەکی زۆر باشە. لەگەڵ ئەوەی مێژووی عێراقیشبە تایبەتی لە هاتنە سەر کاری بەعسییەکانەوە هەتا کاتی ڕووخانی ڕێژیمەکەیان، بەردەوام دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لەگەڵ کورد لە شەڕدا بووە، بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو شەڕە و سەرەڕای هەبوونی ئەو ڕێژیمە سەرکوتکەرە و ئەو هەموو وێرانکارییە؛ چونکە زمانی کوردی لە عێراق پێگەیەکی ڕەسمیی هەبوو و مافی ئەوەی پێ درابوو کە پێی بخوێندرێ و وەکوو زمانێک دانی پێدا نرابوو، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئەو زمانە نە تەنیا بڵێین لاواز نەبوو، بەڵکوو هەر توانی بەرەو پێش بچێ. چونکە منداڵێک کە دەچووە قوتابخانە، لە ڕۆژی یەکەمەوە بەو زمانە پەروەردە دەبوو و هەتا دوایین ساڵانی خوێندن ئەو زمانەی هەر لەگەڵدا بوو، ئەوە بۆخۆی خۆشەویستییەکی بۆ زمانەکە لای فێرخوازەکە دروست دەکرد و وای دەکرد ئەو زمانە لە ڕیگای پەروەردەوە بڵاو بێتەوە و پەرە بستێنێ. جگە لەوەی ئەو کەسانەی لە خوێندنگە دەیانخوێند لەگەڵ زمانەکە بەردەوام سەروکاریان هەبوو، زمانەکەش ناچار بوو پێداویستییەکانی خۆی لە باری زانستی و پەروەردەییەوە دابین بکات، بۆ وێنە بۆ بوارەکانی بیرکاری، کیمیا، فیزیا، زیندەوەرناسی، جۆگرافیا و بۆ زۆرێک لە زانستەکانی دیکە پێویستی بە زاراوە و بە وشەی نوێ هەبوو و ئەمانەشی دابین کردبوو، چونکە کاری پێ دەکرا. ئەوەی کە زمانی کوردی لە چاو هەموو بەشەکانی کوردستان لەو بەشە، باش مایەوە و توانی بەرەو پێش بچێت ، بە جۆرێک کە تا ئێستاش لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بۆ زۆر لەو چەمک و زاراوانە قەرزداری زمانی کوردی لەو بەشەین، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پێگەیەی کە زمانی کوردی لە باشووری کوردستان و لە عێراق بوویەتی.
ئاماژەتان بە زمانی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد، ئەمە زۆر جێگەی سرنجە کە لەم ساڵانەی دواییدا لەگەڵ ئەوەی لە سەردەمی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی بەعسی سووریەدا نەک هەر زمانی کوردی مەجالی پێ نەدەدرا بەڵکوو هەوڵی سڕینەوەی دەدرا و کورد لەوێ لە هەموو مافێکی نەتەوەیی و زمانی بێبەش بوو، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا ئەم هەلەی بۆ ڕەخسا کە بێتە زمانی خوێندن و، بێتە نێو زانکۆ و ببێتە زمانی بەڕێوەبەری، ئەوە بۆ خۆی پێشکەوتنێکی گەورە بوو بۆ زمانی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان. مەسەلەیەکی زۆر گرنگ ئەوەیە لە هەر شوێنێک نەتەوەی کورد دەسەڵاتی بە دەستەوە بووە و دەرەتانی خۆبەڕێوەبردنی هەبووە، نەک هەر هەوڵی داوە مافە زمانییەکانی خۆی دابین بکات، بەڵکوو مافە زمانی و کولتوورییەکانی ئەو کەمە نەتەوانەش کە لەژێر دەسەڵاتی کوردیدا بوون، دابین کردوە. ئێمە نموونەی کۆماری کوردستانمان هەیە، نموونەی حکوومەتی هەرێـمی کوردستانمان هەیە و لە ڕۆژئاواش هەر بەو شێوەیە، ئەمەش یەکێک لە خاڵە گەشەکانی سیاسەتی کوردی بووە بەرانبەر بە زمانی کەمە نەتەوەکان.
لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکراتە کە زمانی کوردی پێگەیەکی فەرمی و قانوونیی نیە، ڕێگای ئەوەی لێ گیراوە کە کاری پەروەردەی پێ بکرێ، پێی بخوێندرێ و زمانی بەڕێوەبەری بێ، ئەمە بۆ خۆیی زیانی زۆری بە زمانەکە گەیاندوە و بووەتە هۆی لاوازبوونی. بەڵام لەگەڵ ئەو ڕاستییەشدا بە هەڵسەنگاندنی خۆم ئەمن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زمانی کوردی کەمتر زیانی پێ گەیشتوە، هۆکارەکەش ئەوە بووە کە خەباتێکی نەتەوەیی دوورودرێژ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبووە. یانی لە سەردەمی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان، دواتر دامەزرانی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان هەمیشە پرسی زمان لە پێشەوەی پرسەکانی دیکە بووە، یا پرسێکی سەرەکیی بزووتنەوەی کوردی بووە و ئەمە وای کردوە بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام لەسەر گرنگیی زمان، لەسەر فێربوونی زمان و پاراستنی زمان پێداگری بکات و جۆرێک وشیاریی زمانی لەنێو نەتەوەکەیدا پەرە پێداوە. بۆیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا، هەمیشە جۆرێک هەستیاریی لە ئاست زمانی کوردی بە تایبەتی لای نووسەران، شاعیران، ڕۆژنامەنووسان و ئەو کەسانەی سەروکاریان لەگەڵ زمان هەیە، هەبووە و بە ئەرکی سەرشانی خۆیان زانیوە پارێزەری زمانەکەیان بن و بەشێوەی جۆراوجۆر بیپارێزن، بە تایبەتیش کە خەڵکەکە هەستی کردوە دەسەڵات دەیهەوێ ئەو زمانە پەراوێز بخات و سەرکوتی بکات، ئەمە هاندەر بووە کە زمانەکەیان باشتر بپارێزن وخەمی لێ بخۆن. لە باکووری کوردستان ئێستاش بە داخەوە بە میلیۆنان کورد هەن کە ناتوانن بە زمانی کوردی قسە بکەن. ڕەنگە بەشێکی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە لە سەدەی پێشوودا و لە دەیەکانی ڕابردوودا ئەوەندی بزووتنەوەی سیاسیی کورد گرینگیی بە ویست و داخوازیی چەپ داوە، ئەوەندەی گرنگیی بە زمانی کوردی و بە داخوازی نەتەوەیی نەداوە و ئەمەش بە نۆرەی خۆی وشیاریی زمانیی کەم کردۆتەوە. هەڵبەت ناکرێ حاشا لەوەش بکەین کە سەرکوتی نەتەوەیی و زمانی لە تورکیە لە چاو ئێران، زۆر توندتر بووە.
زمانی کوردی وەک یەکێک لە هێما سەرەکییەکانی شوناسی نەتەوەیی کورد چە پێگەیەکی لە یادەوەریی بەکۆمەڵ و گێڕانەوەی مێژووییدا هەیە و تا چەندە لە ڕێگەی زمانەوە پێش بە فەوتانی ئەو سەرمایە دەوڵەمەندەی کورد گیراوە؟
گومان لەوەدا نییە کە بەشێکی زۆر لە سامانی زمانیمان، لە ئەدەبی زارەکیمان تەنانەت ئەدەبی نووسراومان بەو هۆیەوە کە زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە بەشی هەرە زۆری بەشەکانی کوردستان دەرەتانی نووسین بەو زمانە و خزمەتکردنی نەدراوە، نەک هەر ئەوەندە بەڵکوو ڕێگریشی لێ کراوە، ئەمە بووەتە هۆی ئەوە بەشێک لەو سامانە ئەدەبی و زمانییەمان بفەوتێت. بەڵام هاوکات هەمیشەش لەنێو کۆمەڵی کوردستان، لەنێو نەتەوەی کورددا کەسانێک هەبوون بەهۆی دڵسۆزییان بۆ زمانەکەیان، بەهەر زەحمەتێک بووە توانیویانە بەشێک لە دەستنووسەکان، لە دیوانی شاعیران، لە پەند و فۆلکلۆر و بەیت و چیرۆک و ئەو سامانە زمانییەی هەمانبووە بپارێزن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زمانی کوردی توانیویەتی هەڵگر و گوێزەرەوەی ئەو یادوەرییە بەکۆمەڵانە بێت. لەگەڵ ئەوەی کوردستان دابەشکراو و چەند پارچە بووە، لەگەڵ ئەوەی دیالێکت و شێوەزاری جیاواز هەبووە و خەڵکی کوردستان لە وڵات و هەرێم و ناوچەی جیاوازدا ژیاون و بە هۆکاری سیاسی و ئەمنییەتی پێوەندییەکی زۆر کەم و سنوورداریان لەگەڵ یەکتر هەبووە، هەروەها سیستمێکی وەکوو پەروەردە بە زمانی کوردی یا ڕاگەیاندنێکی سەرانسەریی کوردی نەبووە کە هەموو بەشەکانی کوردستان بگرێتەوە؛ بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا ئێمە دەبینین زمانی کوردی توانیویەتی پردی پێوەندی و کۆکەرەوەی بەشە جۆراوجۆرەکانی خەڵک لە هەموو پارچەکانی کوردستان بێت. من حەز دەکەم ئاماژە بە چەند نموونەیەک لە تەمەنی خۆمدا بکەم. لەبیرمە وەختی خۆی کە لە ڕادیۆ یان لە کاسێتێک دەنگی کاوەیساغا بڵاو دەبۆوە کە بۆ خۆی خەڵکی بەشێکی دیکەی کوردستان بوو، بەڵام لە موکریان کەسێک کە گوێی لە دەنگی کاوەیساغا دەبوو، بە دەوروبەرەکەی گوتووە بێدەنگ بن با گوێمان لێ بێت، با بزانین چۆن باسی شێخ مەحموود دەکات؟ چەندین ساڵ بەر لەوەی ئێمەمانان لە دایک بین کاوەیسئاغا لە لاوکێکدا باسی شێخ مەحموود و حکوومەتدارییەکەی و شەڕەکانی و قارەمانەتییەکانی کردووە، لەسەردەمی ژیانی ئێمەدا، خەڵک پێی خۆش بوو لە ڕێگای لاوکێکی کاوەیساغاوە ئەم داستانە ببیستێتەوە. تەنانەت دایکی خۆمم لەبیرە هەر وەخت گوێی لە دەنگی عایشەشان یان دەنگی مێرەم خان دەبوو کە گۆرانییەکانیان لە ڕادیۆ -بە تایبەتی ڕادیۆ بەغدا- بڵاو دەبوونەوە، دیسان ئێمەی ئەو کات منداڵیان بێدەنگ دەکرد بۆ ئەوەی گوێیان لێ بگرێت، چونکە ئەو خەم و ئەو مەینەتییانەی لە گۆرانییەکانی ئەواندا هەبوو، بۆ نموونە باسی هەوێداری، باسی بە زۆر بە شوودانی کچ، یەخسیری و بندەستی کورد بە دەست تورک ؛ کارەساتەکانی سەردەمی ئەوانی بە ئاوینەی خەمەکانی ئێستای خۆی و ژنانی وەک خۆی دەزانی.. لە بواری جۆاروجۆردا ئەو ڕۆڵەی زمانی کوردی دەبینین، بۆ نموونە بەیتی خەج و سیامەند لەگەڵ ئەوەی زێد و ژێنگەی سەرهەلدانی ئەو بەیتە باکووری کوردستان بووە، بەڵام لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستانیش بە زارێکی دیکەی زمانی کوردی سەری وەدەرناوە، گوێگری هەبووە و خەڵکێکی دیکە هەوڵی داوە پەرەی پێ بدا و حەماسە و قارەمانەتی و داستانی ئەویندارەتیی نەوەکانی پێش خۆی لەوێدا ببینێتەوە و ببیسێتەوە. دەتوانم بڵێم ئەم جۆرە حاڵەتە بە هۆکاری جۆراوجۆر تا واوەتر هاتووین، زیاتر بووە. چاپکراوی کوردی، رادیۆی کوردی و دروستبوونی تێکەڵاوی ڕێخۆشکەر بووە بۆ ئەوەی فۆلکلۆر و ئەدەبی زارەکی و نووسراومان، گۆرانی و لاوک و بەیت و چیرۆک و پەندی پێشینیانمان، سنوورە دەسکردەکان ببەزێنن، لەگەڵ ئەوەی لە بەشێکی دیکەی کوردستان و بە دیالێکت و شێوەزاری ناوچەیەکی دیاریکراو بەرهەم هاتوون ، بەڵام لە پارچەیەکی دیکە، لە ناوچەیەک بە زار و شێوەزارێکی دیکە پێشوازییان لێ کراوە، چونکە لەنێو گوێگر و خوێنەری کورددا ئەو هەستە هەبووە کە ئەمە هەمان بەسەرهات و ڕابردووی خۆیان و پێشینیانی خۆیانە کە بە زار و شێوەزارێکی دیکەی زمانەکەیان گوییان لێدەبێت یان دەیخوێننەوە.
دیارە لەم چەند دەیەی دواییدا زمانی کوردی زۆر زیاتر لە ڕابردوو توانیویەتی بێتە هەڵگری ئەو یادەوەرییە بەکۆمەڵانە، چونکە بە خۆشییەوە هەلومەرجێکی نوێ خوڵقاوە، ئەو دیوارانەی جاران داگیرکەران لە بەینی بەشەکانی کوردستان دروستیان کردبوو و، ئەو سانسۆرە توندەی ئەوان بەسەر خەڵکدا زاڵیان کردبوو، ئەو بەربەستانەی لە دژی زمانی کوردی پێکیان هێنابوو، ئەمانە بە هۆکاری پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و بە هۆکاری بەرزبوونەوەی وشیاریی نەتەوایەتیی تاکەکان و بە هۆکاری جۆراوجۆری دیکە خاوتر بوونەوە. ئەمە وایکردوە ئێستا تاکەکانی کورد پێوەندییان لەگەڵ یەکتر زیاتر بێت، باشتر لە زار و شێوەزارەکانی یەکتر تێبگەن و، گرنگیی زیاتر بە ئەدەبی کوردی و بە هونەری کوردی و بە زمانی کوردی بدەن. ئەمە وایکردوە کە ئێستا هەر شتێک کە بڵاو دەبێتەوە هەر بەرهەمێکی هونەری، هەر بەرهەمێکی ئەدەبی، گوێگر و خوێنەر و بیسەری کورد بەشێک لە خەم و ئازارەکانی میللەتەکەی تێدا بدۆزێتەوە. لەسەر یەک دەتوانم بڵێم ئێستا زمانی کوردی ڕاست ئەو ڕساڵەتەی لەسەر شانە کە تاکی کورد لەهەر جێگەیەک و بە هەر دیالێکتێک شت بڵاو بێتەوە، بە هی خۆی دەزانێت، دەزانێ کە ئەوە بەشێکە لە جیهانی ئەو، ئاوێنەیەکە کە گۆشەیەک لە مەینەت و شادی و خۆشی و قارەمانەتی و مێژوویی نەتەوەکەی پێشان دەدات. کە وایە بۆم هەیە بڵێم ئەو زمانە توانیویەتی ئەو ڕۆڵە ببینێت و تا دێت لە جێبەجێکردنیدا سەرکەوتووتر دەبێت.
شوناسی هەر نەتەوەیەك بە پێی گۆڕانی زەمەن دەگۆڕێت و وێنەیەکی دیکە وەردەگرێت، پاراستنیشی پێویستی بە ڕێوشوینی تایبەتی و پێویستی بە نوێبوونەوە هەیە. ئێمە لە سەردەمی بەجیهانیبوون و قەیرانەکانی سەرچاوەگرتوو لە بە جیهانیبووندا دەژین، کە لەنێویاندا دەتوانین ئاماژە بە قەیرانی شوناس و زمان بکەین. چۆن دەتوانین لەم سەردەمەدا شوناس و زمانی خۆمان بپارێزین؟
ڕاستییەکەی ئەمە وایە، یانی تێگەیشتن لە شوناس و پێناسەی شوناس بەپێی سەردەمەکان دەگۆڕێ. ئەگەر باس لە شوناسی نەتەوەیی بکەم و تێگەیشتنی تاکێکی کورد لە شوناسی نەتەوەیی لە سەردەمی ئێستادا باس بکەم، ئەم تێگەیشتنە بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوو قووڵتر و گشتگیرتر بووەتەوە. بەو مانایە کە تاکێکی ئەمڕۆی کورد کە شوناسخواز و شوناسپارێزە، شوناسی نەتەوەیی کورد بە شوناسێکی فرە چەشن دەزانێت، واتە پێناسەیەکی لە شوناسی نەتەوەیی قبووڵە کە فرەچەشنی کۆمەڵی کوردی و نەتەوەی کورد بگرێتە خۆی. بۆ نموونە لە ڕووی ئایینییەوە، ئێمە لەنێو کورددا مۆسوڵمان و نامۆسڵمانمان هەیە، لەنێو بەشە موسوڵمانەکەدا شێعەمان هەیە و سوننیمان هەیە، یارسان و ئیزەدی و پەیڕەوانی دین و ئایینی دیکەمان هەن، بێدینیشمان هەن. لە ڕووی زار و شێوەزارەوە کوردیی باکووری (کورمانجی)کوردیی ناوەندی (سۆرانی) و کوردیی باشووری (کەلھوڕی، لەکی)گۆرانی-زازایی (ھەورامی، زازاکی)مان هەیە. تەنانەت ئەوانەشمان هەن کە زمانەکەیان کوردی نییە بەڵام کوردستانین. لە پێناسەی ئەمڕۆی شوناسی نەتەوەیی تاکی کورددا هەمووی ئەوانە دەبێ جێگەیان بێتەوە. تێگەیشتنی ئێمە لە شوناس لە جیهان و سەردەمی ئێستادا گرنگییەکی تایبەتی هەیە.
هەر بۆیە کە باسی ڕێوشوێنەکانی پاراستنی شوناس دەکەین دەبێ ئەم فرەچەشنی و جۆراوجۆرییەی نەتەوەکەمان و خەڵکی کوردستانمان لەبەرچاو بێت و ددانیان پێدابنێین، بەر بە سڕینەوەیان بگرین. ئەم جۆرە تێگەیشتن لە شوناسی نەتەوەیی هاندەرمان دەبێت کە منێکی کورد نابێ هەر تەنیا یەک زاری زمانی کوردی بزانم، دەبێ هەوڵ بدەم زارەکانی دیکەی کوردییش فێر ببم. نابێ هەر یەک جۆر ئەلف و بێی کوردی بزانم و دەبێ هەوڵ بدەم لانی کەم دوو ئەلف و بێی سەرەکی کە پێی دەنووسرێت و دوو شێوە نووسینی کوردی بزانم. دەبێ پاراستنی هەموو ئەو زار و شێوەزارانە بە ئەرک بزانم و هاندەری ئەوە بم کە هەمووانیان بپارێزێن و وشەکانیان کۆ بکرێتەوە، توێژینەوەی زانستی لە بارەی هەموو شێوەزارەکان بکرێت. ئەمە بۆ خۆیی بەشێکە لە شێوازەکان یا ڕێوشوێنەکانی پاراستنی ئەو شوناسە.
ڕاستە کە لە سەردەمی بەجیهانیبووندا زمانەکان و شوناسەکان تووشی قەیران دەبن و پێویستە هەوڵ بدەین شوناس و زمانی خۆمان لەم قەیرانانە دەرباز کەین و بیانپارێزێن. کە باس لە پاراستن و مانەوەی زمانی کوردی دەکەین دەبێ لەبیرمان بێت کە لە سەردەمی بەجیهانیبووندا لە ڕاستیدا لە هەموو بوارەکاندا ئەوانەی کە بەهێزن دەمێننەوە، یانی لە بواری ئابووری، لە بواری پیشەسازی، لە بواری زانستی، لە بواری بازرگانی و لە بواری کولتوورییشدا ئەوانەی بەهێزن و دەستیان ئاوەڵاترە بۆ پاراستنی خۆیان، واتە دەسەڵاتی بەهێز و ئابووریی بەهێزیان لەپشتە، باشتر دەمێننەوە. باشە ئەدی نەتەوەیەک کە بێدەوڵەتە، زمانێک کە زمانی نەتەوەیەکی بێدەوڵەتە و لە پەروەردە و دام و دەزگای بەڕێوەبەری و یاسایی و لە زانکۆ و...هتد دا ڕێگای پێ نادرێت، لە دۆخێکی ئاوادا چۆن دەتوانێ بـمێنێتەوە؟ ئەمە وا دەکا ئەرکی ئێمە قورستر بێت. ئەو نەتەوانەی دەوڵەتیان هەیە، دەتوانن ڕێگا و ڕێوشوێنی تایبەت بۆ بۆ پاراستنی زمانەکەیان بگرنە بەر، بەڵام ئەدی ئەو نەتەوەیەی دەوڵەتی نییە چ بکا؟ بۆیە ئێمە وەک نەتەوەی کورد زۆر پێویستە بە جیددی خەم لە پاراستنی سوناسی و زمانی خۆمان بخۆین. دەبێ هێندێک شت بکەین کە زۆر ئەساسین. یەک لەوان ئەوەیە لە هەموو بەشەکانی کوردستان خەبات بکەین کە زمانی کوردی بێتە زمانی ڕەسمی، یانی بە فەرمی بناسرێت و پاشان ببتە زمانی پەروەردە. چونکە ئەگەر بوو بە زمانی پەروەردە، ئەوە باشترین دەستەبەرە بۆ مانەوەی زمانەکە و بۆ گەشەکردنی و بۆ پێشکەوتنی، زمانێک ئەگەر ببێت بە زمانی پەروەردە، بە شێوەی ئاسۆیی و بە شێوەی ئەستوونی ئەو زمانە پەرە دەگرێت و پێش دەکەوێت. بە شێوەی ئاسۆیی مەبەستم ئەوەیە کە لە هەموو شار و ناوچە و گوندێکی کوردستان پێی دەخوێندرێت و لە هەموو شوێنێک کار بەو زمانە دەکرێت. لە رووبەرێک بە پانایی کوردستان کاری فێربوون و فێرکردنی پێ دەکرێت، هەر منداڵێک دەنێردرێتە قوتابخانە، لەگەڵ زمانی نەتەوەیی خۆی ئاشنا دەبێت. مەبەستم لە بڵاوبوونەوەی زمان بە شێوەی ئەستوونییش ئەوەیە کەلەگەڵ قۆناغ بە قۆناغی پەروەردەدا لە سەرەتاییەوە تا دەگاتە زانکۆ، کاری پێدەکرێت. ئەمە وا دەکات کە هەموو تاکێکی کورد بۆ چەندین ساڵ ڕۆژانە لەگەڵ ئەو زمانە بژین و کاری پێ بکەن و پەرەی پێ بدەن، زمانەکەش ئەرکدار دەکرێت کە پێویستییەکانی ئەو بوارە پڕ بکاتەوە و ببێتە زمانی زانست و لای خەڵک ڕێز و پێگەیەکی بەرزی هەبێت.
بۆ پاراستنی زمانی کوردی وەک کۆڵەکەی شوناسی نەتەوەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چیمان لە دەست دێت؟ و دەبێ چی بکەین؟
من ئەگەر بمهەوێ باسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەم دەبێ بەوپەڕی شانازی و پێزانین و خۆشحاڵییەوە باسی وشیاری و خەباتی نەتەوەکەمان بۆ پاراستنی شوناسی نەتەوەیی خۆیان و بە تایبەتی زمانەکەیان بکەم. چەند ساڵ لەوە پێش کتێبێکم چاپ کرد کە پێوەندیی بە زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەبوو. ناوێک کە بۆ ئەو کتێبە هەڵم بژاردبوو، تەعبیرێک بوو کە بۆ خۆم بۆ خەباتی ناسنامە پاریز و ناسنامەخوازی خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان بەکاری دێنم: "شەڕی ناسنامە و سەنگەری زمان". لەم باوەرەدام کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەڵکی ئێمە لە سەنگەری زماندا شەڕی داکۆکی لە ناسنامەی خۆیان دەکەن. ئەوان لە سەنگەری پاراستنی زمان و خزمەتی زمانی کوردیدا، دژی ئەو هێرشە جۆراوجۆرە وەستاونەوە کە سیستەمی پەروەردەی تاکزمانی و میدیا و دامەزراوەکانی سەر بە دەوڵەت نەتەوەی ئێران بۆ سڕینەوە و ستاندنەوەی ناسنامەیی نەتەوەیی ئێمە لەمێژ ساڵە وەڕێیان خستووە.
پێویستە ئەو تێکۆشانە بەرینەی کە هەتا ئێستا بە ئامانجی پاراستن و داکۆکی لە ناسنامەی نەتەوەیی و زمانی کوردی هەیە بەردەوام بێت و بەرینتر و بەهیزتر بکرێت، ئەمە بۆخۆیی دەتوانێ باشترین داکۆکی بێت لە زمانی کوردی، چونکە ئەوەی ئێمە دەبینین کارکردنێکی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاترە بە زمانی کوردی. ڕەنگە هێندێک کەس پێیان سەیر بێت کە بڵێین زمانی کوردی ئێستا دووهەم زمانی نووسینە لە ئێران، یانی دوای زمانی فارسی کە دەوڵەت نەتەوەیەک بەو هەموو دام و دەزگا کولتووری و بەو هەمووە سەرچاوە ماڵییە لە پشتییەتی، زمانی کوردی زۆرترین شتی پێ دەنووسرێت، کتێب و گۆڤاری پێ بڵاو دەبێتەوە، زمانی پێگە ئەلکترۆنییەکانە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە فراوانی و بە شێوەیەکی ڕوو لە زیادبوون بەکار دەهێنرێت، کاری ڕۆژنامەنووسی و فەرهەنگنووسیی پێدەکرێت. لە هەموو پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هیچ شارێک و هیچ ناوچەیەک تەنانەت هیچ دێیەک نییە هەتا ئێستا فێرگەی فێربوونی زمانی کوردیی لێ پێک نەهاتبێ و هەموو ئەو هەوڵانەش خۆبەخشانە دەکرێن.
هێندێک ناو هەن کە ئێستا ئەستێرەیەکی درەوشاوەی بواری خزمەتی زمانی کوردین و لە دەلاقەی چیرۆکی ژیانی ئەوانەوە دەتوانین گەورەیی ئەو بزووتنەوە ناسنامەپاریزەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بخوێنیەوە، بۆ نموونە: موژگان کاووسی، زارا محەممەدی، سروە پوورمحەممەدی، ئەو ناوانە لەو مامۆستا خۆبەخشانەن کە ئامادە بوون بە شانازییەوە بچنە زیندان بەڵام پشت لەو ئەرک و ڕیسالەتە نەکەن کە لەپێناوی خزمەتی زمانی کوردییدا گرتوویانەتە بەر. ئەو هەوڵ و تێکۆشانەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم یەک دوو دەیەی دوایەدا لە پێوەندی لەگەڵ زمانی کوردیدا هەیە ئەمە هەر خۆی بە تەنیا بزووتنەوەیەکی گشتگیر لەپێناوی پاراستنی زمانی کوردی و فێربوونی زمانی کوردیدایە.
لە کارە باشەکانی دیکە کە ناتوانم لە ئاستیان بێتەفاوەت بم و باسیان نەکەم، ئاماژە بە گوڵبژێرێک لەو کارە زانستییانەن کە کراون. لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا چەندین فەرهەنگی کوردی چاپ بوون. مامۆستا ئاکۆ جەلیلیان چەند فەرنگی چاپ کردووە کە لە هەمووانیان بەناوبانگتر و گەورەتر فەرهەنگی کوردیکایە. کاک سەلاح پایانیانی کە فەرهەنگی زارەکیی موکریانی چاپ کردوە. خاتوو سەحەری مۆعێزی کە فەرهەنگی ڕەنگی "پازار"ی چاپ کردوە. هەر یەک لەو فەرهەنگانە چەندین بەرگن. جگە لە چاپی فەرهەنگەکان، هەندێک لە خوێندکاران، خوێندنی بەرزیان لە ئاستی ماستەر و لە ئاستی دکتۆرادا بە زمانی کوردی بووە یان توێژینەوە و بابەتی تێزەکەیان زمانی کوردی بووە. ئەم هەوڵانە زۆر بە نرخن و جێگەی ڕێزن. ئەو کۆنفڕانس و کۆڕ و فێستیواڵە ئەدەبی و هونەری و زانستییانەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکدێن کە و تێیاندا ڕێز لە توێژەران، هونەرمەندان، ئەدیبان و نووسەران دەگرن، ئەمانە کاری باشن و مایەی دڵگەرمین.
ئەو هەوڵانەن کە لاوە تێگەیشتوو و بە هەڵوێستەکانمان بۆ گۆڕین و بۆ گەڕاندنەوەی ناوی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیدەن، وەک ناوی چیا و کوێستانەکان، تەپۆڵکەکان، پردەکان، رێگا و بانەکان، گەڕەکەکان، ئەمە کارێکی زۆر زۆر باشە. ئەگەر لە عێراق و سووریەی پێشوو سیاسەتی تەعریب لە دژی کورد هەبوو، لە ئێرانیش لە قۆناغ و سەردەمەکانی پێشوودا سیاسەتی تەفریس(بە فارسیکردن) و تەتریک بە تورکیکردنی ناوەکان جێبەجێ کراوە. هەڵوەشاندنەوەی ئەو ناوانە و برەودان و زیندووکردنەوەی ناوە ڕەسەنە کوردییەکانیان، خزمەتێکی گەورەیە بۆ لادانی ژەنگ و ژاری برەوپێدراو لە لایەن دەولەتە دژ بە کوردەکانی ئێران و دامەزراوە ئیدارییەکانیان لەسەر ناوە کوردییەکان. تەنانەت ئەگەر ڕێگە بە سڕینەوە و لابردنی ناوە ساختە و داسەپاوەکانیش لەسەر تابڵۆکان نەدرێت، با ناوە کوردییەکە لە تەنیشت ئەو ناوانە هەبێت و وەبیر خەڵکیان بێننەوە.
ئەوە کە هەوڵ دەدرێ لە ماڵەوە، لە قوتابخانە و لە ئیدارە بە کوردی قسە بکرێ، مامۆستا بۆ خوێندکار و قوتابییەکانی بە کوردی دەرسەکان شی دەکاتەوە، کارێکی زۆر باشە. جگە لەوەی لەم ڕێگایەوە سوود لە زمانی دایک وەردەگرن بۆ باشتر تێگەیاندنی بەردەنگەکان، لەلایەکی دیکەش بە ڕەسمی نەناسینی ئەو سیاسەتی تاکزمانییەیە کە لە ئێران بە سەر هەموو نەتەوە نافارسەکان و بە تایبەتی بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپێندراوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبینین هەندێک لە لاوانی هۆگر و ئەوینداری زمانی کوردی هاتوون کاری ڕاستکردنەوەی هەڵەی زمانی دەکەن. رەخنە لە شێوە ئاخاوتنی ئەمڕۆی تاکەکان دەگرن کە زۆر لە ژێر کاریگەریی زمانی فارسیدایە. خەڵکێک لەژێر کاریگەریی هەژموونی زمانی فارسیدا جۆرێک قسە دەکەن کە لە ڕاستیدا زۆر بە زمانی کوردی نامۆیە و پڕە لە وشەی فارسی. جاری وایە دەبینین و دەبیستین تەنیا کرداری ڕستەیەک کوردییە، دەنا ئەوی دیکەی هەمووی فارسییە. ئەو لاوە دڵسۆزانە ئەم هەڵانە ڕاست دەکەنەوە بۆ ئەوەی خەڵک فێر بێت شێوە ئاخاوتنەکەیان بە زمانی کوردی خاوێنتر و کوردیتر بێت. ئەمانە هەڵبژاردەیەک لە کارە باشەکانن.
ئێمە بۆ ئەوەی بتوانین شوناسی نەتەوەیی خۆمان و زمانەکەمان بپارێزین، چ لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چ لە نێو تێکۆشەران و چالاکانی کورد لە دەرەوەی وڵات و لەنێو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکاندا هێندێک ئەرکمان دەکەوێتە سەر شان. یەکەم ئەرک بەردەوامبوونە لەسەر ئەو هەوڵانە، بەڵام بەردەوامبوونێک کە هاوکات لێک نیزیکبوونە و یەکگرتوو بوون، و خۆخۆڕێکخستن و کۆبوونەوە لەژێر چەتری کۆنفدراسیۆنێک یان ناوەندێکدا بێت بۆ ئەوەی ئەم هەوڵانە هەم لە ئامانجەکانیاندا لێک نیزیک ببنەوە، ئاراستەکانیان یەک بێت، و هەر لەو کاتەشدا ئەزموونەکان بە یەکەوە ئاڵوگۆڕ بکرێن، تواناکان بۆ هاوپشتیی یەکتر بەکار بهێنرێن، ئەمە یەکێک لە ئەرکەکانە.
ئەرکی دووهەم ئەوەیە کە داوای پەروەردە بە زمانی کوردی و ویستی بەڕەسمیناسینی زمانی کوردی بێتە ڕیزی سەرەوەی لیستی داواکارییەکانی خەباتکارانی کورد و تێکۆشەرانی بواری خەباتی مەدەنی، بە هەموو شێوەیەک هەوڵ بدرێ ئەو ویستە بەسەر دەسەڵاتدا بسەپێندرێ کە پەروەردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببێت بە زمانی کوردی.
سێهەم ئەرکیش کە تا ئێستا بە داخەوە زۆری قسە لەسەر نەکراوە، بەڵام پێویستە بە شێوەیەکی جیددی بخرێتە بەر سەرنجی بژاردە و دەستڕۆیشتووەکانی کورد. دەزانین لەنێو ئەو توێژەی خەریکی خزمەتی زمانی کوردی و هەوڵدان بۆ پاراستنی شوناسی کوردیین، ئینسانی ئاوا هەن کە پڕۆژەی باشیان هەیە، بۆ وێنە لە بواری بە دیجیتاڵیکردنی زمانی کوردی و بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد، لە بواری کاری زانستی بۆ پێشخستنی زمانی کوردییەوە، بەڵام سەرچاوەی دارایی وپشتیوانیی ماڵی شک نابەن. لێرەدایە کە دەبێ ڕوو بکەینە خاوەن سامان و سەرمایەدارە کوردەکان کە توانایی ماڵیی باشیان هەیە و دەتوانن لەو بوارەدا سەرمایەکەیان بخەنە گەر. بۆ ئەمڕۆ ئەمە خزمەتێکی گەورەیە بە پاراستن وپێشخستنی زمان و ناسنامەی نەتەوەکەیان. ئەمە نەک بە فیڕۆدانی سەرمایە نییە، بەڵکوو سەرمایە تەرخانکردن بۆ بنیاتنانی داهاتوویە نەتەوەیە. ئەو پڕۆژانە دەتوانن سوودی داراییشیان هەبێت و خێر و داهاتی باشیان بۆ خاوەن سەرمایەکە بەدواوە بێت.
لە سەردەمی بەجیهانیبووندا ئەگەر تۆ نەتوانی شان لەشانی ڕقەبەرەکان بدەی، ئەگەر خۆت بە زانست و دەسکەوتەکانی تەکنەلۆژیا تەیار نەکەیت و نەتوانی بۆ زمانەکەت و بۆ شوناسەکەت ئەو هەنگاوانە هەڵ بگری کە سەردەمەکە لێت دەخوازێت دەکەویە پەراوێز و لەژێر پێی بەهیزەکان و شوناس و زمانە سەردەستەکاندا، دەپڵیشێیەوە. زۆر پێویستە لە باری دارایی و ماڵییەوە پشتیوانی ئەو زانایانە و ئەو توێژەرانەمان بین کە بۆ بەرزکردنەوەی پێگە و ئاستی ناسنامەی نەتەوەیی و زمانی کوردی لە سەردەمی ئێستادا پڕۆژەیان هەیە.