
دیپڵۆماسیی بازرگانیی ترامپ لە کەنداو ناتوانێ گیروگرفتی ئێران پاشگوێ بخات
شوکریە برادۆست
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەنپوور
دوایین سەفەری سەرۆککۆمار ترامپ بۆ کەنداو پەیامێکی ڕوونی پشتڕاست کردەوە: سەرەڕای بەڵێنییەکانی پێشووی واشینگتۆن لەمەڕ "دوور کەوتنەوە" لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و نزیکبوونەوەی لە خۆرهەڵاتی ئاسیا، وڵاتە یەکگرتووەکان هیچ پلانێکی بۆ کشانەوە لە ناوچەکە نیە. وەکوو باس کرا، هەڵوێستی ترامپ بە بەراورد لەگەڵ سەرۆک کۆمارەکانی پێشوو فرە جیاواز بووە، کە جەختیان لەسەر دێموکراتیزە کردن، ناردنی هێزی سەربازیی زەبەلاح، یان سیاسەتی دەستێوەردانی پاش ڕووداوی ١١ی سێپتەمبەر دەکردەوە. دەوڵەتی ناوبراو جەختی لەسەر سەردەمێکی نوێی هاوکاریی، کە بناخەی لە جیات مودێلی کۆنباوی کڕیار-خاوەندار کە زۆر دەمێک بوو تایبەتمەندیی پەیوەندیی لە ناوچەکە بوو، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی دوولایەنەی بازرگانی کردوە. لە کاتی چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرۆکی ئیماڕات، محەممەد بین زاید ئەلنەهیان لە کۆشکی دەوڵەتی، کاردانەوەی ترامپ بەرامبەر بە وەبەرهێنانی زەبەلاحی ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی لە وڵاتە یەکگرتووەکان بەو شێوەیە بوو. ئەو گوتی "گەلێک سپاس. ئێمە زۆر بە جیددی کار دەکەین تا بیسەلمێنین کە شایانی ئەوەین." ئەوە چرکەساتێکی درکێنەر بوو: بە کردەوە، ترامپ ڕایگەیاند کە هاوکات لەگەڵ پەرەئەستاندنی دەستڕۆیشتوویی چین لە ناوچەکە، وڵاتە یەکگرتووەکان ئێستا دەیهەوێ هاوبەشی سەرەکیی کەنداو بێ.
ئەو ڕێککەوتنانەی لە کاتی سەردانی ترامپ لەگەڵ عەڕەبستانی سعودی، ئیماراتی یەکگرتووی عەڕەبی و قەتەر ڕاگەیەندران، هەم لە ڕووی بەرفراوانی و زەبەلاحی و هەروەها مەبەستەوە، مێژوویی بوون. بەڵام ئەوەی لە کاتی هەر سێک سەردانەکەدا سەرنجڕاکێش بوو، باسی ئێران بوو، بە تایبەت بەرنامەی ناوکییەکەی و چالاکییە ناوچەییەکانی. ترامپ لە کاتێکدا ستایشی دەوڵەتانی کەنداوی لەبەر گۆڕینی دیمەنی بیابان بەرەو ناوەندی خۆشبژیویی و سەردەمیانە بوون کرد، لەبەر پێڕانەگەیشتن بە خەڵکەکەی، ڕەخنەی لە ڕێژیمی ئێران گرت. ئاماژەی سەرۆککۆماری ئەمریکا بە ئێران تەنیا باشوێژیی نەبوو. ئەوە کاردانەوەی تێگەیشتنی هاوبەشی نێوان وڵاتە یەکگرتووەکان و وڵاتانی کەنداو بوو؛ واتە بەبێ چارەسەرکردنی دەوری ناسەقامگیرکەرانەی ئێران لە ناوچەکە، هەر چەند وەبەرهێنان لە ناوچەکەدا بکرێ، سەرکەوتنی بەردەوامی ئابووری مسۆگەر نابێ. بە کورتی، پەیامی ترامپ ساکار بوو: ئاسایش و سەقامگیریی بناخەکانی خۆشبژیویی خۆرهەڵاتی نێوەڕاستن و ئێران بەربەستی سەرەکی بۆ هەردووکیانە.
سەرەڕای شکستەکان، هێشتا ئێران هەڕەشەیە
ئێران لە سەرانسەری خۆرهەڵاتی نێوەڕاست لە پاشەکشەدایە. پاش هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیڵ لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، بەرەی مقاومەت بەرەوڕووی شکستی کارەساتبار بۆتەوە: هەرەسهێنانی توانای حیزبوڵڵا و کوژرانی رێبەری لەمێژینەی ئەو گرووپە، حەسەن نەسڕوڵڵا لە لوبنان؛ ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد لە سووریە و، لێدانەکان لە میلیشیای بەکرێگیراوی ئێران لە عێراق. بەڵام هێشتا هێزێکی بەتوانا لەلای تاران ماوە: حوسییەکانی یەمەن. ئێران بە شیوەی پەرەئەستێن لە ساڵی ٢٠٢٠ بەولاوە ڕووی کردووەتە "باڵا دەستی"ی دەریایی، بە تێوەگلاندنی ئامرازە نەریتییەکانی ئەو وڵاتە بۆ شەڕی ناهاوسەنگ، واتە هاژەک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ڕاوێژکارانی پسپۆڕ لە بواری شەڕی دەریاییەوە کە ئەو تواناییەی بە حوسییەکان بەخشێوە تا پێش بە بازرگانیی دەریایی و چالاکییە دەریاییەکان لە دەریای سوور و ئەولاتر بگرێ.
بۆ وڵاتانی وەک عەڕەبستانی سعوودی و ئیماراتی یەکگرتووی عەڕەبی، کە هەردووکیان لە لایەن تاقمەکانی سەر بە ئێران، لە ناویاندا حوسییەکانی یەمەن، بە ئامانج گیراون، هەڕەشەکە هەستپێکراوە. ئەو وڵاتانە دەزانن کە هیچ دوورە دیدێکی ئابووری، لە ناویاندا خولیای بەرزەفڕانەی ٢٠٣٠، ناتوانێ بەبێ چارەسەر کردنی هەڕەشەی ئێران سەرکەوتوو بێ. ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان عەڕەبستان و ئێران، کە لە ٢٠٢٣ لە بەیژینگ واژۆ کرا، هەوڵێک بۆ ئەو مەبەستە بوو. لە کاتێکدا کە ڕێککەوتنەکە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە یارمەتیدەر بوو، حوسییەکان هێشتا وەک شمشێری دامۆکلاس بە سەر ناوچەکەدا دەسووڕێنەوە و لە ئەگەری شکستی دیپلۆماسی، ئامادەی هێرشن.
لەبەر ئەو هۆیەیە کە وڵاتانی کەنداو نەتەنیا نیگەرانی پیتاندنی ئۆرانیۆم لە لایەن ئێرانن، ئەوان لەوەش زیاتر نیگەرانی ئەوەن کە ئاخۆ ڕێککەوتنێکی ناوکی لەگەڵ ئێران چ ئاسەوارێکی لەسەر پشتگیریی دارایی لە ڕایەڵەی بەکرێگیراوەکانی ئەو وڵاتە و پۆشتە کردنەوەیان دەبێ. ڕێککەوتنێک کە گەمارۆ ئابوورییەکان نەهێڵێ بەڵام لە سنووردارکردنی بەرنامەی هاژەکیی ئێران و لاواز کردنی هێزە بەکرێگیراوەکانی ناسەرکەوتوو بێ، بە شێویەکی کاریگەر ڕێگە بە ئێران دەدا دەسەڵاتە هەرێمییەکەی بگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی پێشوو و جارێکی دیکە دەست بە ناسەقامگیر کردنی ناوچەکە بکات.
لە لایەکی دیکەوە، نەبوونی هیچ ڕێککەوتنێک بە هەمان شێوە ترسناکە. بێتوو پێشی پێ نەگیرێت، ئێران درێژە بە کەلکوەرگرتن لە بەکرێگیراوەکانی بۆ لە مەترسی هاویشتنی ئاسایشی دەریایی و ناوچەیی و هەروەها بەرەوپێش بردنی بەرنامە ناوکییەکەی تا لێواری خاوەنی چەکی ناوکی بوون دەدا. ڕێبەرانی کەنداو و وڵاتە یەکگرتووەکان بەرەوڕووی مەتەڵێک بوونەوە: چاوترسێنکردن بەبێ دیپڵۆماسی مەترسی قووڵتر بوونەوەی گرژییەکانی هەیە، لە کاتێکدا دیپڵۆماسی بێ چاوترسێن کردن مەترسی بەهێز کردنی خولیای تاران بۆ بەدەستەوە گرتنی هەژەمۆنی ناوچەیی هەیە.
نەیارێکی پێویست
هاندەرەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ درێژەدان بە خەبات دەگەرێنەوە ئەولای سیاسەتی پراگماتیکی جوغڕافیایی؛ ئەوان ڕیشەیان لە مانەوەی ئایدیۆلۆژیکیدایە. ڕێژیمی پیاوانی ئایینیی ئێران لەسەر دژایەتی لەگەڵ بوونی وڵاتە یەکگرتووەکان لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و مانەوەی ئیسڕائیل دامەزراوە. ئەو دوو چەمکە سەرەکییانە، تەنانەت لە کاتێکدا کە دەستڕۆیشتوویی ئێران بەردەوام بەرەو لاواز بوونە، جارێکی دیکەش لە لێدوانی ڕێبەری گەورە، عەلی خامنەیی، لە نێوەڕاستی مانگی مای، دووپات کرانەوە. لە کاردانەوەیەکدا بە لێدوانی ترامپ لە عەڕەبستانی سعوودی، خامنەیی لە چاوپێکەوتنێکی گشتیدا جەختی کردەوە: "بە هەوڵەکانی دەوڵەتانی ناوچە، ئەمریکا دەبێ ناوچەکە بەجێ بێڵێ و هەر واش دەبێ."
بەڵام، لەگەڵ لاواز بوونی دەسترۆیشتوویی ئێران، ئەو چەسپە ئایدیۆلیژیکییەش لاواز دەبێ کە کۆماری ئیسلامی پێکەوە دەبەستێتەوە. بەبێ دوژمنی دەرەکی، قەیرانە نێوخۆییەکانی، گەندەڵیی بە دامەزراوەیی کراو، دامودەزگای فەشەل و ناڕەزایەتی گشتیی بەربەرین چیدیکە ناکرێ پشتگوێ بخرێن. لە دوورەوە، چالاک کردنەوەی پشتگیریی لە بەکرێگیراوە ناوچەییەکان و نانەوەی کێشەی ناوچەیی نە تەنیا ئامرازی بەکەڵکی سیاسەتی دەرەوەن، بەڵکو تاکتیکگەلی ژینەکی بۆ بەردەوامیی رێژیمی مەلایانن.
لە کۆتاییدا، هەر جۆرە وەرسووڕانێکی ئابووری لە کەنداو، زیاتر لە ژێرخان، وەبەرهێنان یان داهێنان دەخوازێ. ئەو پێویستی بە نەخشەیەکی ئاسایشی ناوچەیی سەقامگیرە کە ستراتێژیی بڕواپێکراو و سەپێنەر بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ هەڕەشەکانی ئێران لەخۆ بگرێ. جا ئەوە چ بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر بێ کە بەرنامەی ناوکی ئێران، جبەخانەی هاژەکی و تاقمە بەکرێگیراوەکانی بگرێتەوە یان بە چاوترسێن کردنی هاوئاهەنگی ناوچەیی، هەر دوو واشینگتۆن و هاوبەشەکانی لە کەنداو دەبێ بە کردەوە ئالنگارییەکانی ئێران چارە سەر بکەن. دەنا، خولیای کەنداو بۆ "خۆشبژیویی" بەردەوام بارمتەی ئەو مەترسییە چارەسەرنەکراوانە دەبێ کە هەڕەشە لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن.