
مامۆستا بەرزان مەلەکی، پێشنوێژی هەینی و مامۆستای مزگەوی جامێعەی شێخەینی سنە پاش ئازادیی کاتی بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی، جارێکی دیکە بانگی دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی ڕێژیم لە هەمەدان کرا.
ئەم مامۆستا ئایینییە کوردە بە مەبەستی ئاخرین بەرگری لە خۆی بۆ ڕۆژی دووشەممە ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٤، بانگی دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی ڕێژیم لە هەمەدان کراوە.
ڕۆژی سێشەممە ٦ی جۆزەردانی ١٤٠٤، مامۆستا بەرزان مەلەکی، پێشنوێژی هەینی و مامۆستای مزگەوی جامێعەی شێخەینی سنە بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی لە بەندیخانەی هەمەدان ئازاد کرا.
ڕۆژی دووشەممە ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٤، مامۆستا بەرزان مەلەکی، پاش بانگکران بۆ دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدان و ئامادەبوون لەم دادگایەدا، دەسبەسەر کرا.
هەروەها ئەم ماۆستا ئایینییە کوردە ڕۆژی یەکشەممە ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٤، بانگی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە کرابوو و بۆ ماوەی ٢ کاتژمێر لێپرسینەوەی لێ کرابوو.
ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان لە ٢٠ کیلۆمیتری شاری سنە بۆ دێولان، مامۆستا بەرزان مەلەکی و ژمارەیەک لە قوتابییەکانی ناوبراویان دەسبەسەر کردبوون.
مامۆستا بەرزان و قوتابییەکانی لەسەر بانگهێشتی مزگەوتی مەکیی زاهێدان خەریکی چوون بۆ زاهێدان بوون کە پێش بە سەفەرەکەیان دەگیرێ و دەسبەسەر دەکرێن.