
کۆماری ئیسلامی لەهەوڵدایە تاکوو هەزاران تۆن سووتەمەنیی مووشەکی بالستیک، لە چین بکڕێت.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە لەلایەن ڕۆژنامەی "واڵ ستریت ژۆرناڵ"ـەوە بڵاو کراوەتەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە جەنگەی وتووێژە ناوکییەکان لەگەڵ ئەمریکا، داوای هەزاران تۆن ماددەی پێویست بۆ دروستکردنی مووشەکی بالستیکی لە چین کردووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، کۆماری ئیسلامی هاوکات لەگەڵ ململانێکان لە وتووێژە ناوکییەکاندا، لەسەر پەرەدان بە بەرنامە ئەتۆمییەکانی بەردەوامە و ئورانیۆمی تا ئاستی چەکی ئەتۆمی پیتاندووە و هەروەها بە شێوەی ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە کە هیچ دانوستانێک لەسەر بەرنامە مووشەکییەکانی ئەنجام نادات.
واڵ ستریت ژۆرناڵ شی دەکاتەوە کە شیرکەتێکی ئێرانیی سەر بە دەسەڵات بە ناوی "پیشگامان تجارەتێ ڕەفیعێ نۆوین"، لە مانگەکانی ڕابردوودا داوای ماددەی سەرەتایی بۆ دروستکردنی سووتەمەنیی مووشەک لە کۆمپانییەک بە ناوی "لاین کامادیتیز هۆڵدینگز" کردووە.
ئەم ڕۆژنامە ئەمریکاییە زیادیشی کردووە کە پاش بەدواداچوونەکانی بۆ بابەتەکە، هیچ یەک لەو دوو کۆمپانییە و نوێنەری کۆماری ئیسلامی، ئامادە نەبوون کە لەم پێوەندییەدا وڵامی واڵ ستریت بدەنەوە.
هەروەها وەزیری دەرەوەی چین لە وڵامی ئەم ڕۆژنامەیەدا ڕایگەیاندووە، حکوومەتی چین هەموو کات بۆ هەناردەکردنی ئەو کەرەستە و ماددانەی کە ئەگەری هەیە کەڵکی سەربازیی لێ وەربگیرێت، بە ڕێوشوێنە نێونەتەوەییەکان پێبەند دەبێت.
ئەم ڕاپۆرتە لەکاتێکدایە کە ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو هەواڵێک لەلایەن ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمزەوە بڵاو کرایەوە کە باسی لە کڕێنی هەزاران تۆن ماددەی "سۆدیۆم پێر کۆلۆرات"، لەلایەن سپای پاسدارانەوە کردبوو.
سۆدیۆم پێر کۆلۆرات بۆ سووتەمەنیی مووشەک بەکار دەبرێت.
بەپێی زانیارییەکان، لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا دوو کەشتی بە ناوەکانی "جەیران" و "گوڵبۆن"، ئەم سۆدیۆم پێر کۆلۆراتەیان لە بەندەری ڕەجایی ئێران خاڵی کردبوو کە دواتر بە بڕوای زۆرێک لە کارناسان بووە هۆکاری تەقینەوە گەورەکەی ئەم بەندەرە لە ڕێکەوتی ٦ی بانەمەڕدا.
واڵ ستریت لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا دەپەرژێتە سەر ئەم بابەتەش و دەنووسێت: "ڕاگرتنی ئەم ماددەیە لە بەندەردا مەترسییەکی یەکجار زۆری هەیە".
هەروەها ڕاپۆرتەکە پشتڕاستی کردووەتەوە کە لە تەقینەوەکەی مانگی ڕابردووی بەندەری ڕەجایی، بەشێکی زۆر لەم سۆدیۆم پێرکۆلۆراتە کە پێشتر سپای پاسداران هاوردەی کردبوو، لەنێو چووە.
جێی ئاماژەیە کە لە ڕاپۆرتەکانی ئەوکاتدا هاتبوو، کۆماری ئیسلامی پاش ئەنجامی دوو هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل، بە کڕینی ئەم ماددەیە لەهەوڵدایە تاکوو کۆگاکا مووشەکییەکانی پڕ بکاتەوە.