کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"زێڕ لەبەرانبەر دڕۆن''/ ڕەهەندێکی نوێی هاوکاریی نیزامی لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ڕووسیە

12:27 - 11 جۆزەردان 2725

بەپێی ڕاپۆرتی واشنگتۆن پۆست، ڕووسیە و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٢ گرێبەستێکی دوو میلیارد دۆلاریان واژۆ کردووە تا دڕۆنی شاهد، کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دیزاین کراوە، لە ناوچەی تایبەتی ئابووری ئەلابوگا لە تاتارستان بەرهەم بهێنرێت.

 ئامانجی ئەم گرێبەستە دروستکردنی لانیزۆر ٦ هەزار دڕۆن تا هاوینی ٢٠٢٥ بووە. ئەم هاوکارییە بریتی بووە لە گواستنەوەی تێکنۆلۆژی، دابینکردنی پارچە و ڕاهێنان لەلایەن پسپۆڕانی ئێرانییەوە.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕووسیە بۆ دەورلێدانی گەمارۆکانی ڕۆژاوا لانیکەم ١.٨ تۆن زێڕ بە بەهای زیاتر لە ١٠٠ میلیۆن دۆلاری بە کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر دڕۆنی شاهد داوە. لە ساڵی ٢٠٢٣ دا گرێبەستێکی دیکە لەژێر ناوی "زێڕ لە بەرامبەر دڕۆن" لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا واژۆ کراوە.

ئەم پێدانی پارەیە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی کەسانێک لە ئیمارات، بە بەکارهێنانی گواستنەوەی فیزیکیی زێڕ و حەواڵەی بانکی ئەنجام دراون هەتا لە سنووردارکردنەکانی پەێوەدیدار بە دۆلاری ئەمریکا خۆ ببوێرن.

ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لەم بەرنامەی دڕۆنییەدا بووەتە هۆی پەرەسەندنی ناڕەزایی لە ئورووپا. یەکیەتیی ئورووپا سزای بەسەر کەس و لایەنەکانی پەیوەندیدار بە گواستنەوەی دڕۆن و مووشەک لە کۆماری ئیسلامییەوە بۆ ڕووسیە سەپاند.

لە دوایین هەنگاودا دانمارک بە پشتبەستن بە پشتیوانیی سەربازیی کۆماری ئیسلامی لە ڕووسیە لە شەڕی ئۆکراین بە فەرمی داوای لە یەکیەتیی ئورووپا کردووە کە سپای پاسداران بخاتە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە.

لەگەڵ زیادبوونی گوشارە نێودەوڵەتییەکان، هاوکاریی دڕۆنی لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ڕووسیە بۆتە تەنگەژەی جیددی لە جێبەجێکردنی گەمارۆکان و نیگەرانییەکانی سەبارەت بە مافی مرۆڤ و ئەمنییەتی ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە.