کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کتێبی "دەموچاوی داگیرکەر، دەموچاوی داگیرکراو"ی بە زمانی کوردی چاپ و بڵاو کرایەوە

21:44 - 17 جۆزەردان 2725

کتێبی "دەموچاوی داگیرکەر، دەموچاوی داگیرکراو"ی "ئالبێرت مێمی‌"، لەلایەن "فواد کەریمی"یەوە، لە زمانی فەڕانسییەوە وەرگێڕدرایە سەر زمانی کوردی و لە هەرێمی کوردستان چاپ و بڵاو کرایەوە.

"فواد کەریمی"، وەرگێڕی ئەم کتێبە، ڕاگەیاند: ئەم کتێبە یەکێکە لە گرنگترین بەرهەمەکانی سەدەی بیستەم لە بوارەکانی پۆست-کۆلۆنیالیزم، کولتوور و شوناسی نەتەوەییەوە. ئەم کتێبە بەتایبەتی بۆ گەلی کورد زۆر گرنگ و پڕبایەخە، لەبەر ئەوەی باسی دۆخێک دەکات کە گەلی کوردیش بە درێژایی مێژوو تێیدا ژیاوە.

ناوبراو زیادیشی کرد: "مێمی" بە شێوەیەکی ورد و قووڵ شرۆڤەی ئەو میکانیزمانە دەکات کە چۆن داگیرکەر هەوڵی لەنێوبردنی شوناسی نەتەوەیی، کولتوور و زمانی گەلی داگیرکراو دەدات و چۆن ئەو پەیوەندییە ناهاوسەنگە کاریگەریی لەسەر کەسایەتی و بیرکردنەوەی داگیرکراو دادەنێت.

وەرگێڕ لەبارەی گرنگیی بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە وتی: ئەم کتێبە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ١- گەشەپێدانی وشیاریی گەل سەبارەت بە میکانیزمەکانی داگیرکاریی کولتووری و زمانەوانی. ٢- هاندانی خەڵک بۆ پارێزگاریکردن لە زمان، کولتوور و شوناسی کوردی. ٣- دروستکردنی گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی ئەو دەزگا فکرییانەی کە داگیرکاری دروستی کردوون.