کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی شارەوانیی سەقز لە کارە نایاسایی و گەندەڵییەکانی

11:34 - 18 جۆزەردان 2725

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردودا شارەوانیی شاری سەقز، دەستی کردووەتەوە بە دیاریکردنی "کارت پارک" بۆ ماشینەکانی ئەو شارە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتوون، شارەوانیی سەقز کە ئۆرگانێکی گەندەڵ و ناکارامەی ڕێژیم لە شاری سەقزە، بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی داهات و پڕکردنی گیرفانی بەرپرسە گەندەڵەکانی، لە هەوڵێکی سەقەتی هاوشێوەی پێشووتردا، هێڵی پارککردنی ماشینەکانی لە زۆربەی شەقامەکانی شاری سەقز کێشاوەتەوە و بە شێوەی دڵخوازی خۆی نرخی پارککردنی بۆ ماشینەکان دیاری کردووە.

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەی تایبەتی ئەم ژوورە، پەیمانکاری ئەم پرۆژە نوێیە بۆ خاڵیکردنی گیرفانی خەڵکی شارەکە، کەسێکی غەیرەیە و خەڵکی شاری سەقزیش نییە.

مافی وەستان لە سەر شەقامی شارەکان بە مەرجێک کە هێماکانی هاتوچۆ و ڕێگاوبان پێشێل نەکات، مافێکی ئاسایی هەر شارۆمەند و لێخوڕێکە بەڵام لە شاری سەقز و زۆربەی شارەکانی دیکەی ئێران، شارەوانییەکان بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی بوودجەی خۆیان، پارەیەکی زیادە لە لێخوڕەکان وەردەگرن.

بەپێی زانیارییەکانی ئەم سەرچاوە، خەڵکی شاری سەقز بە نیشانەی دژایەتی لەگەڵ پرۆژەی "کارتی پارک"، زۆرجار لەگەڵ مەئموورەکانی ئەو پەیمانکارە تووشی کێشە دەبن و لە پارەدان خۆ دەبوێرن.

ئەمە لەکاتێکدایە کە شارەوانییەکان ساڵانە بڕە پارەیەکی بەرچاو لە خاوەنی ماشینەکانی هەر شارێک لەژێر ناوی "عەوارز"، وەردەگرن.

ئەم پارەیە لە هەموو شوێنێک خەرجی خزمەتگوزارییەکانی وەک دروستکردنی شوێنی وەستاندنی ماشینەکان، چاکسازیی ئیسفاڵتی شەقام و کۆڵانەکان و خزمەتگوزارییە پێوەندیدارەکانی دیکە دەکرێت، بەڵام وێدەچێت ئەم باجە دەوڵەتییە بەتایبەتی لە شاری سەقز، بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی بوودجە و پڕکردنی گیرفانی بەرپرسانی دەوڵەتیی ئەو شارە بکرێت.

جیا لە بابەتی کارتی پارک و وەرگرتنی پارەیەکی زیادە لە خەڵک، بارودۆخی ترافیکی ناو شار و جێگیرنەکردنی سێنفە ناپاقژەکان لە پەراوێزی شار کە هەوای شار پیس دەکەن و دەبنە هۆکاری لەوتانی دەنگی، گەندەڵیی مافیاکانی سەر بە شارەوانیی سەقز لە پێدانی مۆڵەتی بەکارهێنانی ئەو زەویانەی کە بەرتیلیان لە خاوەنەکانیان وەرگرتووە، کێشەکانی دیکەن کە شارەوانیی شاری سەقز بۆ خەڵکی ئەم شارەی دروست کردووە و بووەتە هۆی ناشرینکردنی ڕوخساری ئەو شارە.