
هەواڵدەریی "تلووعی کرماشان"، لە ڕاپۆرتێکدا پەرژاوەتە سەر ئازارەکانی تووشبووانی شێرپەنجە لەم پارێزگایەدا و ڕایگەیاندووە کە تێچووە قورسەکان بۆ نەشتەرگەری و دەرمانەکانیان دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەم نەخۆشانە وێڕای لەدەستدانی گیانیان، هەموو داراییەکانیشیان لەپێناوی ئەم نەخۆشییە لەدەست بدەن.
ڕاپۆرتەکە بە ئاماژەدان بە ناڕوونیی ڕێژەی دروستی نەخۆشانی شێرپەنجە لەم پارێزگایەدا هێناویەتی، زۆربەی تووشبووان پاش دیاریکردنی نەخۆشییەکەیان دەبێت بۆ پڕۆسەی دەرمانەکانیان بچنە شارە گەورەکانی ئێران.
نەبوونی پێداویستییە دەرمانییەکانی ئەم نەخۆشانە لە ناوچە پەراوێزخراوەکاندا بووەتە هۆی ئەوەی کە تووشبووان بە شێرپەنجە جیا لە پڕۆسەی دەرمانییەکەیان، تێچووێکی بەرچاو بۆ هاتوچۆ و شوێنی مانەوەیان لەم شارانەدا بدەن.
ئەم هەواڵدەرییە سەبارەت بە هەڵاواردنی ناوچەیی لە ئێران نووسیویەتی: "لەکاتێکدا کە لە چەند پارێزگای دیکەی ئێران ژمارەیەک کەرەستەی ڕادیۆتراپی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە هەیە، بەڵام بۆ هەموو پارێزگای کرماشان تەنیا دوو کەرەستە لەم جۆرە هەیە کە یەکێکیان لە کەرتی تایبەتی نەخۆشخانەی بێستووندایە و تێچووێکی یەکجار زۆر دەخاتە سەر شانی نەخۆشان کە بەشێکی زۆریان ناتوانن کەڵکی لێ وەربگرن".
ڕاپۆرتەکە لەم پێوەندییەدا زیادی دەکات، تەنیا یەک کەرەستە دەمێنێتەوە بۆ ڕێژەی بەرچاوی نەخۆشانی شێرپەنجە لەم پارێزگایەدا و ئەم کەسانەش ناچارن کە ماوەیەکی زۆر لە نۆرەدا بمێننەوە و تەنانەت هێندێک جار ماوەی ڕادیۆ تراپییەکەیان لە کاتی خۆی لا ئەدات و ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەم ئازارە بۆ دانیشتووانی شارەکانی دیکەی پارێزگاکە کە لە ڕێگەی دوورەوە دەبێت بێنە کرماشان زیاتر دەبێتەوە.
تلووعی کرماشان بۆ نیشاندانی باشتری ئازار و گرفتەکانی نەخۆشانی شێرپەنجە و بنەماڵەکانیان، وتووێژێکی لەگەڵ یەکێک لە بنەماڵەی نەخۆشەکانی ئەم پارێزگایە کردووە کە خەڵکی یەکێک لە شارەکانی ئەم پارێزگایەیە و بۆ ئەوەی کە نۆرەیان بەر کەوێت، هەموو جارێک دەبێت کاتژمێر ٣ی بەرەبەیان لە ماڵەوە ڕێ بکەون تاکوو لە کاتی پێویستدا بگەنە کرماشان کەچی سەرەڕای ئەوەش زۆربەی جار بەهۆی قەرەباڵغییەوە نۆرەی ڕادیۆتراپییان پێ نادرێت.
هەڵاواردنی سیستماتیکی ڕێژیم لە ناوچە پەراوێزخراوەکاندا بووەتە هۆی کۆنبوونی ژێرخانەکانی تەندروستی لەم ناوچانەدا و ژیان و گیانی خەڵکی خستووەتە مەترسیی جیددییەوە.
ئەگەرچی بە گشتی دۆخی ئێران لەم بوارەدا هیچ باش نییە و لە چاو زۆربەی وڵاتانی جیهان لە پاشە، بەڵام دۆخەکە لە ناوچە پەراوێزخراوەکاندا چەند قات زیاتر لە شارە ناوەندییە فارسنشینەکان خراپتر و قەیراناویترە، بە شێوەیەک کە خەڵکی ئەم ناوچانە دەبێت بۆ کەڵکوەرگرتن لەو ڕێژە کەمە لە خزمەتگوزارییەکانیش ڕەوانەی شارە فارسنشینە ناوەندییەکان ببن.
ناوەندگەرایی و خستنەپەراوێزی هێندێک لە ناوچەکان، سیاسەتی نزیک بە پێنج دەیەی کۆماری ئیسلامی و تەنانەت ڕێژیمی پێشووی پاشایەتی لە ئێراندا بووە کە تاکوو ئێستاش بە پلانەوە خەریکی بەرەوپێشچوونە.